کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایەک لە دێولان، سزای بەندکران و لێدانی قامچی بەسەردا سەپێندرا

09:11 - 27 پووشپەڕ 2724

ئەمجەد بەختیاری لە مامۆستایانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری دێولان، کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای یەک ساڵ بەندکران و لێدانی ٧٤ زەربەی قامچیی بەسەردا سەپێندراوە و لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە گوشاری خراوەتە سەر.

بەپێی ڕاپۆرتی ''هەنگاو''، ئەمجەد بەختیاری بەهۆی بەشداریی لە ڕەوتی شۆڕشی ''ژن ژیان ئازادی''، بە تۆمەتی "تێکدانی ئەمنییەتی گشتی" و "چالاکیکردن بە قازانجی دژبەرانی حکومەت" لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دووی شاری دێولان سزای ١٢ مانگ بەندکران و لێدانی ٧٤ زەربەی قامچیی بەسەردا سەپێندراوە و ئەو سزایە بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵپەسێردراوە.

ئەمجەد بەختیاری تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی دێولان، لەم دواییانەدا بەهۆی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەی گیانبەختکردوودانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگ کراوە و هەڕەشەی لێ کراوە.

هەروەها ئەمجەد بەختیاری، لەلایەن هەیئەتی پێڕاگەیشتن بە سزا ئیدارییەکانی پارێزگای سنە، بە تۆمەتی وەکوو "ەشداری لە خۆپیشاندانەکان و سووکایەتیکردن بە خامنەیی" لەگەڵ بڕینەوەی ڕیزبەندیی مامۆستایان ڕووبەڕوو کراوەتەوە.

شایەنی باسە کە، ناوبراو بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕەزبەری ١٤٠١ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و لە نیوەی مانگی خەزەڵوەری ئەو ساڵە بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.