کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سی ئێن ئین: کۆماری ئیسلامی بۆ تێرۆرکردنی دۆناڵد ترامپ پیلانی هەبووە

09:36 - 27 پووشپەڕ 2724

میدیاکانی ئەمریکا باسیان لە کۆمەڵێک زانیاری کردووە کە دەریدەخات کۆماری ئیسلامی لە حاڵی پیلان داڕشتن بۆ تێرۆرکردنی دۆناڵد ترامپ بووە.

سەرچاوە ئەمریکاییەکان لەم پێوەندییەدا و لە زاری چەند کەسێکی ئاگاداری سەر بە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکاوە ڕایانگەیاندووە کە بەهۆی ئاشکرابوونی هێندێک لە پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ تێرۆرکردنی ترامپ، سرویسی نهێنی ئەمریکا ڕێوشوێنە ئەمنییەتییەکانی بۆ پاراستنی ترامپ زیاتر کردبوو.

هەرچەند ئەم سەرچاوانە زیادیان کردووە کە تاکوو ئێستا هیچ پێوەندییەک لە نێوان "تووماس مەتیۆ کڕووکس"، ئەو کەسەی کە هەوڵی کوشتنی ترامپی داوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا دەرنەکەوتووە و لەوە ناچێت کە کڕووکس لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ئەم هەوڵەی ئەنجام دابێت.

سی ئێن ئێن کە یەکەم سەرچاوەی ئەمریکایی بوووە ئەم بابەتەی باس کردووە نووسیویەتی: "دەرکەوتنی پیلانی کۆماری ئیسلامی بۆ تێرۆرکردنی ترامپ بووەتە هۆکاری ئەوەی کە سرویسی نهێنی ئەمریکا کەشێکی ئەمنییەتیی بەهێزتر بۆ پاراستنی ترامپ ڕچاو بکات".

لە بەرامبەردا نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بەم هەواڵە کاردانەوەی نیشان دا و ڕایگەیاند کە ئەمە تۆمەتێکی بێبنەما و دوژمنکارانەیە.

ئەمیر سەعید ئیرەوانی بە کاناڵی "سی ئێن ئێن"ی ڕاگەیاندووە کە لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە دۆنالد ترامپ بە هۆی دەرکردنی فەرمانی کوشتنی قاسم سلێمانی تاوانبارە و دەبێت لە دادگا محاکمە بکرێت.

ئیرەوانی زیادی کردووە کە کۆماری ئیسلامی ڕێگەی دادوەریی بۆ وڵامدەربوونی ترامپ گرتووەتە بەر.