کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامبوونی گرژییەکان لە نێوان حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل

10:44 - 27 پووشپەڕ 2724

هێرشی مووشەکیی ڕۆژی سێشەممەی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ سەر ناوچە باکوورییەکانی ئیسرائیل، کاردانەوەی ئەرتەشی ئەو وڵاتەی لێ کەوتەوە.

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە لە وڵامی مووشەکبارانی ناوچە باکوورییەکانی ئیسرائیل، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەرتەش، ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی پووشپەڕ چەند بینایەکی حیزبوڵڵایان لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج.

ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە نیشتەجێیانی ناوچە سنوورییەکانی باکووری ئیسرائیل داوایان لە دەوڵەتی نتانیاهو کردووە تاکوو خەسارێکی زیاتر بە حیزبوڵڵا بگەیەنێت.

پاش دەسپێکی شەڕی غەززە، گرووپی حیزبوڵڵا بەردەوام ناوچە سنوورییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ لوبنانی کردووەتە ئامانج و بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی ئەم ناوچانە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ بهێڵن.

دانیشتووانی ئەم ناوچانە ڕایانگەیاندووە کە لە ئێستادا کاتی ئەوە هاتووە دەوڵەتی ئیسرائیل بیسەلمێنێت کە ئەم هێرشانە تێچوویەکی زۆری بۆ وڵاتی لوبنان دەبێت.

هەر لە سەرەتای شەڕی غەززەوە بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل بە دەیان جار ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر ئەم گرووپەی سەر بە ڕێژیمی ئێران دەست لە مووشەکبارانی ئەو ناوچانە هەڵنەگرێت، ئەرتەشی ئیسرائیل هێرشێکی قورستر لە غەززە دەکاتە سەر لوبنان.

مەترسییەکان لە ڕوودانی وەها شەرێک بەتایبەتی لە کۆتاییەکانی شەڕی غەززە ڕۆژبەڕۆژ ڕەنگ و بۆنێکی نوێتر بە خۆیەوە دەگرێت و ئەمریکا نیگەرانە کە ڕوودانی ئەم شەڕە ناوچەکە و جیهان بەگشتیی ئاڵۆزتر بکات.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەم پێوەندییەدا پێشتر هەڕەشەیان کردووە کە لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبووڵڵا، بەشێوەی ڕاستەوخۆ کاردانەوەیان دەبێت و پشتیوانی لە بە وتەی خۆیان "بەرەی مقاومەت" دەکەن.