کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی کۆماری ئیسلامی لە بەرپرسانی ئەمریکا

14:18 - 29 پووشپەڕ 2724

سەرچاوەیەکی ئەمریکایی ڕایگەیاندووە کە سێ بەرپرسی ئەمریکایی پێشتر داوایان لە دەوڵەتی جۆ بایدێن کردووە تاکوو بەهۆی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕێوشوێنێکی ئەمنییەتیی زیاتریان بۆ بگرێتە بەر.

هەواڵدەریی "ئێن بی سی"ی ئەمریکا باسی لە نامەیەک کردووە کە تێیدا مەتیۆ پاتینگێر جێگری پێشووی ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا و دوو بەرپرسی باڵای دیکە بە ناوەکانی ڤیکتۆریا کۆتس و ڕابێرت گڕین کە لە پێوەندیی لەگەڵ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا چالاکییان هەبووە، داوایان لە وەزارەتی دادوەریی ئەمریکا کردووە کە بەهۆی هەڕەشەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خۆیان و بنەماڵەکانیان، ڕێوشوێنێکی ئەمنییەتی کارامەتریان بۆ بگرێتە بەر.

ئێن بی سی لەکاتێکدا ئەم نامەی بڵاو کردووەتەوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا و پاش هەوڵی تێرۆرکردنی ترامپ، سەرچاوە ئەمریکاییەکان باسیان لە هێندێک زانیاری کردووە کە دەریدەخات کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دوای کوشتنی قاسم سلێمانی لە هەوڵدا بووە تاکوو بەرپرسانی ئەو کاتی ئەمریکا کە لەو پێوەندییەدا دەستیان هەبووە بکوژێت.

هەرچەند تاکوو ئێستا هیچ پێوەندییەکی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ هەوڵی تێرۆرکردنی ترامپ لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەرنەکەوتووە بەڵام بەرپرسانی باڵای ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا بە دەیان جار و بە شێوەی ڕاشکاوانە باسیان لە کوشتنی ترامپ و چەند بەرپرسێکی باڵای دیکەی ئەو کاتی ئەمریکا وەک جان بۆڵتۆن و مایک پۆمپێۆ کردبوو.

لە ئێستادا کە بابەتی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بەرپرسانی سیاسی وڵاتی ئەمریکا زەق بووەتەوە و ڕۆژانە لەم پێوەندییەدا زانیاری نوێتر لەلایەن سەرچاوە ئەمریکاییەکانەوە بڵاو دەکرێتەوە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە هەڵوێستگەلێکی نوێ و جیاوازدا باس لەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی هیچ کات بە شوێن کوشتنی بەرپرسانی ئەمریکاوە نەبووە و هەوڵی داوە کە لە ڕێگەی پڕۆسەی دادوەرییەوە بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە بکات.