کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان/ خۆپیشاندانێكی دوو ڕۆژە لە ٣٥ـەمین ساڵوەگەڕی تیرۆركرانی دوكتور قاسملوودا

14:57 - 30 پووشپەڕ 2724

ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان لە ڕۆژانی ١١ و ١٢ی ژووئیە لە بەردەم باڵوێزخانەی وڵاتی ئۆتریش لە شاری بێرلین، بەمەبەستی شەرمەزارکردن و وەگەڕخستنەوەی دۆسییەی تیرۆری دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوو و هاوڕێیانی خۆپێشاندانێكی دوو ڕۆژەیان بەڕێوە برد.

لەو خۆپیشاندانەدا کە لەلایەن دوو کۆمیتە ناوچەی بێرلین و هامبۆرگەوە بەڕێوە چوو، ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و چەند حیزب و لایەنی ئێرانی و کوردستانی و ئازادیخوازانی تر بەشدار بوون.

خۆپێشاندانەكە ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی پووشپەڕ بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب دەستی پێ کرد و پاشان خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان ڕاگیرا.

بە درێژایی ڕۆژی پێنجشەممە بەشداربووان بە هەڵگرتنی ئاڵا و لۆگۆی حیزبی و وێنەی شەهیدان وتنەوەی سروودی نەتەوەیی و بەرزکردنەوەی دروشم درێژەیان بە خۆپیشاندانەکە دا و شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی هەر لەو شوێنە و لە چەند خێوەتدا کە لەلایەن کۆمیتەکانی بەڕێوەبەرییەوە تەرخان کرابوو ڕۆژیان کردەوە.

لە درێژەدا و لە ڕۆژی دواتردا دیسان سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی شەهیدان ڕاگەیەندرا.

پاشان کاک شەهریار نەقشبەندی بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و باسلی لە ئامانجی بەڕێوەچوونی مانگرتنەکە کرد و لە درێژەشدا باسێکی لەسەر تاوانە دژە مرۆڤایەتییەکانی کۆماری ئیسلامی کرد.

دواتر بەڕێز مەتین چەلیک پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە زمانی ئاڵمانی خوێندەوە و پەیامەکە لەلایەن هەیئەتێکی حیزبەوە پێشکەش بە باڵوێزخانەی ئوتریش کرا.

پاشان لەلایەن کامبیز سەلیمییەوە پەیامێک بە زمانی فارسی پیشکەش کرا و کاک شوانە ئازەرلوو پەیامی حیزبی دێموکراتی بە زمانی کوردی و کاک ساسان خاتوونی ئەم پەیامەی بە زمانی ئینگلیزی خوێندەوە.

پاشان ئەم حیزب و لایەن و کەسایەتییانە کە پەیامی خۆیان ئاراستەی حیزبی دێموکرات کرد بریتی بوون لە:

حیزبی چەپ لەلایەن بەڕێز بەدی بەلەدی

حیزبی گەلی بەلووچستان لەلایەن ئەکبەر بەلووچ

جبهەی دێموکراتیکی گەلی ئەلئەحواز لەلایەن حەمید ائەلئەحوازی

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لەلایەن ئارام ئیبراهیم خاس

پەیامی ڕەوەندی کوردی لەلایەن دوکتور لێر دزێیی

پاشان خاتوو شۆهرە بەدیعی هاوژینی شەهید نووری دێهکوردی پەیامێکی بە زمانی ئاڵمانی بۆ ئامادەبووان خوێندەوە.

کاک محەممەد تاهۆ بە درێژایی خۆپێشاندانەکە سروود و گۆرانی شۆڕشگێڕانەی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

خۆپیشاندانەکە بە سروودی ئەی شەهیدان کۆتایی پێ هات و لە کۆتاییدا بەرەو مێنۆمێنتی شەهیدانی میکۆنۆس وەڕێکەوتن و تاجە گوڵینەیان لەسەر مێنۆمێتنەکە دانا.