کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی ڕێبەرانی جیهان سەبارەت بە کردەوەی تێرۆریستی دژی دۆناڵد ترامپ

15:01 - 30 پووشپەڕ 2724

هەوڵی کوشتنی دۆناڵد ترامپ لە کۆبوونەوەیەکی هەڵبژاردنەکاندا لە ویلایەتی پێنسیلوانیای ئەمریکا و برینداربوونی، کاردانەوەی ڕێبەرانی زۆربەی وڵاتانی جیهانی لێ کەوتەوە.

سەرۆکانی وڵاتان و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی خۆیان بۆ دۆناڵد ترامپ، ئەم کردەوەیان بەتوندی مەحکووم کرد.

سەرۆکانی فەڕانسە، بریتانیا، ئاڵمان، ئیتالیا و ئیسپانیا هەر یەک لە پەیامێکی جیاوازدا وێڕای مەحکوومکردنی ڕووداوەکە ڕایانگەیاندووە کە توندوتیژیی سیاسی هیچ جێگایەکی لە دێموکراسیدا نییە.

ئانتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، جۆزێپ بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتە دەرەکییەکانی یەکیەتیی ئورووپا و ئورزولا فۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئورووپا ئەم کردەوەیان بە توندوتیژیی سیاسی لە قەڵەم دا و مەحکوومیان کرد.

هەر لەم پێوەندییەدا ڤێلادیمیر زێلێنسکی سەرۆککۆماری ئۆکراین لە پەیامێکدا بە دەربڕینی خەم و کەسەری خۆی سەبارەت بە ڕووداوەکە ڕایگەیاندووە کە توندوتیژییەکی لەم شێوازە هیچ پاساوێکی نییە و نابێت لە هیچ شوێنێکی جیهاندا بوونی هەبێت.

لەلایەکی دیکەوە دیمێتری پێسکۆف وتەبێژی کرێملین ڕایگەیاندووە کە پووتین نایهەوێت کە بۆ ئەم بابەتە بە پێوندیی تلفۆنی لەگەڵ ترامپ قسە بکات.

پێسکۆف لە وڵامی هەواڵنێراندا زیادی کردووە کە مۆسکۆ لەسەر ئەو بڕوایە نییە کە ئەم کردەوەیە لەلایەن دەوڵەتی ئێستای ئەمریکاوە ئامادەکاریی بۆ کرابێت بەڵام ئەو کەشە سیاسییەی کە لەلایەن جۆ بایدێنەوە لە چوارچێوەی هەڵبژاردنەکاندا دروست کراوە ورووژێنەر و هاندەری تێرۆرکردنی ترامپ بووە.

هەروەها سەرۆکانی چین، ژاپۆن، هێند، ئازەربایجان، ئارژانتین، بڕێزیل، لەهستان، تورکیە، مەجارستان و زۆربەی وڵاتانی دیکەی ئورووپا وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی خۆیان بۆ ترامپ، ڕووداوەکەیان مەحکووم کرد.