کچێکی کوردی خەڵکی کامێران بەهۆی نەبوونی توانایی دارایی لە دابینکردنی خەرجییەکانی زانکۆ هەوڵی خۆکوژی دا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، کچێکی کورد بە ناسنامەی "سایان تەوانگەری"، تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی گوندی "وشترمل" سەر بە شاری کامێران، دوای تێپەڕاندنی تاقیکردنەوەی وەرگرتنی مامۆستا لە زانکۆی فەرهەنگیان بەهۆی نەبوونی توانایی دارایی بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی زانکۆ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم کچە کوردە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو دوای ئەوەی بنەماڵەکەی ئاگاداریان کردووەتەوە کە توانای دابینکردنی خەرجی زانکۆیان نییە بە خواردنی حەبی "ترامادۆڵ" هەوڵی کۆتاییهێنان بە ژیانی خۆی داوە و پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی تەوحید لە شاری سنە، ڕۆژی شەممە ٢٣ی پووشپەڕ گیانی لەدەست داوە.
شایانی باسە لەم ساڵانەی دواییدا خۆکوشتن بە هۆی "هەژاری" لە کوردستان و ئێران بە تایبەت لە نێو خوێندکاراندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ڕێژیم هیچ ڕێوشوێنێکی کاریگەری بۆ چارەسەرکردنی ئەم کردەوە مەترسیدارە نەگرتووەتە بەر.