کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پزشکییان لە پاڵپشتیکردنی حوسییەکانی یەمەن بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان بەردەوامە

16:14 - 30 پووشپەڕ 2724

لە درێژەی پاڵپشتییەکانی مەسعوود پزشکییان لە میلیشیاکانی ڕێژیم، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی پووشپەڕ ناوبراو لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا سپاس و دەسخۆشیی خۆی ئاراستەی حوسییەکانی یەمەن کرد.

پزشکییان لەم پێوەندییە تلفۆنییەدا لەگەڵ سەرۆکی شۆرای باڵای سیاسیی حوسییەکان ڕایگەیاندووە کە بڕیاری پشتیوانیکردنی ئەم گرووپە لە فەلەستین بڕیارێکی بوێرانە بووە و بەم بۆنەوە دەسخۆشیی لەم گرووپە چەکدارە کردووە کە لەلایەن ئەمریکاوە بە گرووپێکی تێرۆریستی ناسێندراوە.

گرووپی ئەنساروڵڵای یەمەن کە بە حوسییەکان دەناسرێن، لە سەرەتای دەسپێکی شەڕی غەززەوە بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە حەماس و فەلەستین هێرشی کردووەتە سەر ئەو کەشتییە بارهەڵگرانەی کە لە دەریای سوورەوە هاتوچۆ دەکەن.

حوسییەکان لەم پێوەندییەدا ڕایانگەیاندبوو کە تەنیا ئەو کەشتییانەی کە پێوەندییان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە دەکەنە ئامانج بەڵام دواتر کەشتییە بارهەڵگرەکانی زۆربەی وڵاتانی ڕۆژاواییان کردە ئامانج و لە ئاکامدا ٤ کەشتیوانیان کوشت و دوو کەشتیی بازرگانییان نوقم کرد و خەساریان بە لانیکەم ٧٠ کەشتیی بارهەڵگری دیکە گەیاند.

مەسعوود پزشکییان کە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا سیاسەتەکانی خامنەیی بە هێڵی سوور دانابوو، پاش ئەوەی کە وەک سەرۆککۆماری ئیسلامی دەستنیشان کرا، پشتیوانییەکانی دەوڵەتی خۆی بۆ میلیشیاکانی ڕێژیم لە ناوچەکەدا دووپات کردووەتەوە.