کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی ئاکادێمیکی کورد لە نیویۆرک

16:38 - 30 پووشپەڕ 2724

پرۆفیسۆر هێرش ئەمینی خەڵکی شاری سەردەشت، پرۆفیسۆری پەتاناس و تەندروستیی گشتی لە نیویۆرکی ئەمریکا دوای یەک ساڵ بەربەرەکانێ لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد.

پزیشکە ئەمریکییەکان نەخۆشییەکەی دوکتور هێرش ئەمینییان بە جۆرێکی دەگمەنی شێرپەنجە ناو بردووە  و هۆکاری ئەم نەخۆشییەیان بۆ کاریگەریی گازی خەردەل کە ناوبراو لە بۆردومانی کیمیابارانی شاری سەردەشت لە ساڵی ١٣٦٦ تووشی بوو، گەڕاندووەتەوە.

پرۆفیسۆر هێرش ئەمینی بڕوانامەی ماستەری لەسەر تەندروستی لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاران و دکتۆرای لە بواری پەتاناسی لە زانکۆی بازل لە سویس و هەروەها پرۆفسۆرییەکەی لە زانکۆی هاروارد لە ئەمریکا وەرگرت و یەکێک لە مامۆستایانی دیاری بواری پزیشکیی زانکۆکانی نیویۆرک بوو.

دوکتور هێرش زیاتر لە ٦٠ وتاری لە گۆڤارە زانستییە باوەڕپێکراوەکاندا بڵاو کردووەتەوە. ناوبراو خەڵاتی ئەکادێمیای زانستیی سویس لە ساڵی ٢٠١٨ لە فیزیک و کیمیا و خەڵاتی ڕۆزنبلیسی ساڵی ٢٠٢٠ی پێ بەخشراوە.

ناوبرا لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی لە شاری سەردەشت لەدایک بووە و لە کیمیابارانی شاری سەردەشتدا باوکی لە دەست داوە.