کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێگری جۆزیپ بۆرێل لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی پزشکییاندا بەشداریی دەکات

01:48 - 31 پووشپەڕ 2724

هەواڵنێرێکی ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ لە زاری بەرپرسێکی یەکیەتیی ئورووپاوە ڕایگەیاندووە کە جۆزێپ بۆرێل بەرپرسی سیاسەتە دەرەکییەکانی ئەم یەکیەتییە بڕیاری داوە کە جێگرەکەی بۆ ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی پزشکییان، بنێرێتە تاران.

لارێنس نۆرمەن لە هەژماری ئیکسی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە ئەم بەرپرسەی یەکیەتیی ئورووپا هاتنەسەرکاری پزشکییانی بە بابەتێکی گرینگ لە قەڵەم داوە و زیادی کردووە کۆماری ئیسلامی بە فەرمی داوای لە جۆزێپ بۆرێل کردووە کە لەم ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی پزشکییاندا بەشداری بکات.

نۆرمەن زیادی کردووە کە بەهۆی ئەوەی کە لە ئێستادا پێوەندییەکانی یەکیەتیی ئورووپا و کۆماری ئیسلامی لە نزمترین ئاستدایە وا باشترە کە بەرپرسی باڵای ئەم یەکیەتییە نەچێتە تاران و لە جیاتی خۆی جێگرەکەی بنێرێت.

لەلایەکی دیکەوە ئەم بڕیارە تووڕەیی یاسادانەرانی ئورووپایی لێ کەوتووەتەوە.

لەم پێوەندییەدا هانا نۆیمان ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا لە هەژماری ئیکسی خۆیدا نووسی: "ئێمە بۆ ئاڵوگۆڕ پێکهێنان لە باڵاترین ئاستەکان تا خوارەوە ئامادەین".

مەبەستی نۆیمان کۆتاییهاتنی دەورەی بەرپرسایەتی جۆزێپ بۆرێلە کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیدا تەواو دەبیت.

هەروەها چەند ئەندامێکی دیکەی ئەم یەکیەتییە لە کاردانەوە بەم بڕیارەی جۆزێپ بۆرێل هەڵوێستیان هەبووە و ڕەخنەیان لە سیاسەتەکانی بۆرێل لە هەمبەر کۆماری ئیسلامی گرتووە.

لە ئێستادا کە کۆماری ئیسلامی لەلایەن وڵاتانی ڕۆژاواییەوە و بەتایبەتی پاش بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" پەراوێز خراوە بەرپرسانی ڕێژیم لە هەوڵدان تاکوو ئەم جۆرە بەشدارییانە لەلایەن نوێنەرانی ڕۆژاواوە بەرچاوتر نیشان بدەن و بە شێوەیەک بە جیهان ڕابگەیەنن کە کۆماری ئیسلامی پەراوێز نەخراوە.