کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئانتۆنی بلینکێن: کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دوو حەفتەدا دەتوانێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات

02:06 - 31 پووشپەڕ 2724

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی بەهۆی چوونەدەرەوەی دۆناڵد ترامپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، تەنیا دوو حەفتەی پێویستە تا دەستی بە ماددەی پێویست بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بگات.

ئانتۆنی بلینکێن ڕۆژی هەینی ٢٩ی پووشپەڕ لە دانیشتنی ئەمنییەتیی ساڵانەی "ئەسپێن" بە ڕخنەگرتن لە دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا وتی: "بارودۆخێکی خراپە، کۆماری ئیسلامی بەهۆی نەمانی بەرجامەوە لە ئێستادا تەنیا دوو حەفتەی کات پێویستە تا دەستی بە ماددەی پێویست بگات، لەکاتێکدا کە دەبوو لە ئێستادا یەک ساڵ لە گەیشتن بەم ماددەیە دوور بووایە".

لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی ڕۆژی ٨ی پووشپەڕ لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو کە کۆماری ئیسلامی نیوەی سانتریفیووژە پێشکەوتووەکانی خۆی خستووەتە کار.

ئەم هەوڵەی کۆماری ئیسلامی لە کاردانەوە بە پەسەندی بڕیارنامەی شۆرای حوکامی ئاژانس بوو کە ڕێکەوتی ١٦ی جۆزەردان بەدژی کۆماری ئیسلامی پەسەند کرابوو.

بلینکێن لە پێوەندی لەگەڵ هەوڵەکانی دەوڵەتی بایدێن بۆ بەرنگاربوونەوە لەگەڵ پرسی ناوکیی ئێران ڕایگەیاند کە لەم دەوڵەتەدا هەوڵمان دا کە جارێکی تر ڕێگەی دیپلۆماسی بگرینە بەر و ئێران دوور بخەینەوە لە دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی.

وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی بایدێن زیادی کردووە کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە هەموو بوارەکاندا بڕیاردەری سەرەکییە و هاتنەسەرکاری پزیشکییان ناتوانێت لە وتووێژە ناوکییەکاندا هیچ کاریگەرییەکی هەبێت.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە چوارچێوەی کەمپەینەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە ئەمریکا، زۆربەی لایەنگرانی کۆماریخوازەکان و ترامپ بە ڕەخنەگرتن لە بایدێن ڕایانگەیاندبوو کە کۆماری ئیسلامی لەکاتی سەرۆککۆماربوونی ترامپدا دوور بوو لەوەی کە دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات بەڵام پاش هاتنەسەرکاری بایدێن و نەرمینواندنی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، تاران خەریکە دەستی بەم چەکە ڕا دەگات.

بلینکێن لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ جارێکی تر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەمریکا ڕێگە بە کۆماری ئیسلامی نادات کە دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات بەڵام هێشتا ڕێگەی دیپلۆماسی لە ڕێگەکانی دیکە بە باشتر دەزانێت.