کتێبی "کوردەکانی کەلاردەشت ـ زمان و شوناس"، لێکۆڵینەوەی خاتوو موژگان کاڤووسی لەسەر کوردە کۆچێندراوەکانی کەلاردەشت لە وەرگێڕانی کاروان مێراوی، چاپ و بڵاو کرایەوە.
ئەم کتێبە سێ لێکۆڵینەوەی تێکەڵاوی کتێبخانەیی و مەیدانیی خاتوو موژگان کاڤووسییە لەسەر کوردە کۆچێندراوەکانی کەلاردەشتی مازەندەران کە پێشتر بە زمانی فارسی بڵاو کراونەتەوە و لەلایەن کاروان مێراوی، نووسەر و وەرگێڕی لاو و ئەندامی حیزبی دێموکرات، کۆ کراونەتەوە و وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی و لە دووتوێی کتێبێکی ١٦٠ لاپەڕەییدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
پەڕتووکی "کوردەکانی کەلاردەشت - زمان و شوناس"، زیاتر خەسارناسیی زمانەوانی - شوناسخوازانەیە و نووسەر هەوڵی داوە لە ڕێگەی تاووتوێکردن و بەراوردکردنی شێوەزارەکەیان کە ئاخێوەری شێوەزاری لەکی لە زاری کوردیی خوارینن، لەگەڵ لەکیی ناوچەکانی تری کوردستان، سەرەداوێک لە زێد و ئاخێزگەی کۆچاندنی ئەو کوردە کۆچێندراوانەی کەلاردەشت بەدەست بێنێت.
لەم پەیوەندییەدا کاروان مێراوی بە "کوردستانمێدیا"ی ڕاگەیاند: "ئەگەر ئاوڕێک لە کوردە کۆچێندراوەکان بدەینەوە کە لە سەردەمە جیاجیاکان و بە هۆکارگەلی سیاسی بۆ ناوچە جیاوازەکانی ئێرانی سیاسیی هەنووکە وەک خۆراسان و کاسپییەن و بەتایبەت دەڤەری کەلاردەشت یان ناوچەکانی دیکەی ئێرانی سیاسی کۆچێندراون، سەرەڕای ئەو گشتە ساڵە کۆچاندنی زۆرملێ و دابڕان لە زێد و نیشتمانی خۆمان، هێشتا هەر نەک تەنیا کوردبوونی خۆیان پاراستووە، وێڕای ئەوەش تا ڕادەیەکی کەم گۆڕانکاری بەسەر کولتووریاندا هاتووە، بەڵکوو زیاتر هەوڵ بۆ بووژاندنەوە و گەشەپێدانی شوناسی نەتەوەیی و ناسنامەی کوردستانیبوونیان دەدەن. وەک دیارترین نموونەی ئەم هەوڵانەش، ئەتوانین ئاماژە بە تێکۆشانی بەردەوام و ماندوویینەناسانەی خاتوو موژگان کاڤووسی، یەکێک لە کوردە کۆچێندراوەکانی کەلاردەشتی مازەندەران بکەین".
هەروەها مێراوی وتیشی: "بەڵام بەداخەوە بەگوێرەی پێویست ئاوڕ لە کوردەکانی کەلاردەشت و باکووری جوگرافیای ئێرانی سیاسیی هەنووکە نەدراوەتەوە و مەخابن لەلایەن لێکۆڵەران و نووسەرانی کوردستانەوە تاکوو کاتی چاپی ئەم کتێبە، بەتەواوەتی پەراوێز خراون؛ کەواتە ئەم کتێبە لەم بارەیەوە ئەگەر یەکەم کتێب نەبێت، بێگومان یەکەمەکان و لەو دەگمەن کتێبانەیە کە لەسەر ئەو هاونیشتمانییە کۆچێندراوانەمان چاپ و بڵاو کراوەتەوە".