کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی لەنێوچوون لە ئیسرائیل دەکات

11:35 - 31 پووشپەڕ 2724

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە هەژماری "ئیکس"ی خۆیدا هەڕەشەی لەنێوچوونی لە ئیسرائیل کرد.

ناسر کەنعانی لە پۆستێکدا نووسی: "دەوڵەتی ئیسرائیل جگە لە تاوانکردن هیچی دیکەی نییە و لەنێوچوونی نزیکە و کۆتاییەکەی هەر ئەوە دەبێت".

ئەم هەڕەشەی کەنعانی پاش هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حوسییەکان لە بەندەری حودەیدەی یەمەنە.

ڕۆژی ڕابردوو فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل لە کاردانەوە بە هێرشی دڕۆنیی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر تێلاڤیڤ، هێرشیان کردە سەر بەندەری حودەیدەی یەمەن.

ئەمە جاری یەکەم نییە کە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی لەنێوچوون لە وڵاتی ئیسرائیل دەکەن، عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی ڕایگەیاندبوو کە ئیسرائیل ٢٥ ساڵی داهاتوو نابینێت و هەر بەپێی ئەم قسەی خامنەیی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی  تابلۆیەکی ڕۆژژمێر لە مەیدانی فەلەستینی تاران دانرا کە کاتی لەنێوچوونی وڵاتی ئیسرائیلی دیاری کردووە.

لەم پێوەندییەدا ئیسرائیل کاتس وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل سەرەتاکانی پووشپەڕ ڕایگەیاندبوو کە ڕێژیمێک کە هەڕەشەی لەنێوچوون دەکات، شایەنی لەنێوچوونە".