کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سێ ساڵی ڕابردوو نرخی خانوبەرە زیاتر لە دوو هێندە بەرز بووەتەوە

11:39 - 31 پووشپەڕ 2724

نوێترین ڕاپۆرتەکانی بانکی ناوەندی دەری دەخەن لە سێ ساڵی ڕابردوودا نرخی هەر میتری چوارگۆشە لە خانووبەرە لە ٣٠ میلیۆن تمەنەوە بۆ زیاتر لە ٨٥ میلیۆن تمەن بەرز بووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی بانکی ناوەندی لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٠، تێکڕای نرخی یەک میتری چوارگۆشە لە ژێرخانی یەکەکانی نیشتەجێبوون کە لە ڕێگەی بۆنگاکانی خانووبەرە لە تاران مامەڵەی پێوەدەکرێت، ٣٠ میلیۆن و ٤٤ هەزار و ٧٠٠ تمەن بووە، کە بە بەراورد بە مانگی پێشووی ئەو کات ١.٣ لەسەد گەشەی هەبووە.

لەکاتێکدا بەپێی دوایین ڕاپۆرتی بانکی ناوەندی لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٣، ژمارەی ئەو یەکە نیشتەجێبوونانەی لە شاری تاران مامەڵەیان پێوە دەکرێت گەیشتووەتە ٣.٩ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون، کە بە بەراورد بە مانگی پێشوو و مانگی هاوشێوەی ساڵی پێشووتر بە ڕێژەی ٢٠.٦ لەسەد کەمی کردووە و ١٤.١ لەسەد زیادی کردووە.

هەر لە هەمان مانگدا تێکڕای نرخی کڕین و فرۆشتنی یەک میتری چوارگۆشە لە ژێرخانی یەکەکانی نیشتەجێبوون کە لە ڕێگەی بۆنگاکانی خانوبەرە لە تاران مامەڵەی پێوە دەکرێت، ٨٥.٩ ملیۆن تمەن بووە، کە بە بەراورد بە مانگی پێشوو زیادبوونی ١.٤ لەسەدی نیشان دەدات.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە ئێستادا ڕەوتی بەرزبوونەوەی خانووبەرەیان گەڕاندووەتەوە بۆ سەر شێوازی بەڕێوەبەریی دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسی و خۆیان لەو پرسە بێبەریی دەکەن و نرخی خانوو هەروا بەرز دەبێتەوە.