کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بەندەری حودەیدە لە یەمەن

11:51 - 31 پووشپەڕ 2724

بێنیامین نێتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە هێرشی وڵاتەکەی بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی حوسییەکانی یەمەن لە ناوچەی بەندەری حودەیدە لە کەنارەکانی دەریای سوور، وتی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر بەندەرێک کە بۆ مەبەستی سەربازی بەکار دێت و شوێنی هاتنە ناوەوەی چەکەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە.

هەروەها نێتانیاهۆ جەختی کردەوە کە بەندەری حودەیدە لە ١٨٠٠ کیلومێتریی سنووری ئیسرائیلە و هێرشکردنە سەر ئەو بەندەرە هۆشداریەک بۆ دوژمنانمان بوو کە ئاگادار ببنەوە هیچ شوێنێک نییە ئیسرائیل نەتوانێت دەستی پێی بگات.

هەر لەم پێوەندییەدا یووئاڤ گالانت وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند دوای ئەوەی کە حوسییەکان بۆ یەکەمجار زیانیان بە هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی گەیاند، ئێمە هێرشمان کردە سەریان، و لە هەر شوێنێک پێویست بێت ئەو هێرشانە ئەنجام دەدەین.

هەروەها وتی کە ئەو ئاگرەی ئیسە لە یەمەن هەیە دەتوانێ سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش بگرێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە یسرائیل کاتز وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بە ئاماژەدان بە هێرش بۆ سەر حوسییەکان لە بەندەری حودەیدە نووسیویەتی: گورزێکی قورسمان لەو گرووپە تێرۆریستییە کە ئێران پشتیوانیی لێ دەکات دا‌ و ئێستا کاتی ئەوەیە کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی زۆرترین سزاکان بخەنە سەر ئێران و ڕێژیمی ئێران سەری مارەکەیە و دەبێ پێشی پێ بگیردرێ.

لە بارەی ئەو هێرشەوە چەندین سەرچاوەی جیاواز لە زاری وەزارەتی تەندروستیی حوسییەکانەوە بڵاویان کردووەتەوە کە لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان لە ناوچەی بەندەری حودەیدە، لانیکەم ٨٠ کەس بریندار بوون و ٣ کەسیش کوژراون و چەندین وێستگەی کارەبا و تانکیی سووتەمەنیی پاڵاوگەی حودەیدە کراونەتە ئامانج.

هەوەها شایانی باسە کە ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ئەو هێرشانەی بە توندی مەحکووم کرد و وتی: ئیسرائیل و ئەمریکا بەرپرسن لە دەرئەنجامە مەترسیدار و پێشبینینەکراوەکانی بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر غەززە و یەمەن .