کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یاسادانەرانی ئەمریکا: پێویستە حوسییەکان بخرێنە نێو لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە

11:54 - 31 پووشپەڕ 2724

کۆمەڵێک لە یاسادانەرانی ئەمریکایی ڕۆژی هەینی داوایان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە کرد کە دوای هێرشی دڕۆنیی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر تێلاڤیڤ، ئەم گرووپە بخرێتە نێو لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە.

لە سەردەمی سەرۆککۆماریی دۆناڵد ترامپدا، حوسییەکان خرانە لیستی گرووپە تێرۆریستییە بیانییەکانەوە.

لیستی "گرووپە تێرۆریستییە بیانییەکان" لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە، بۆ سەپاندنی گەمارۆ بەسەر ئەو گرووپانە، هێرشکردنە سەر هەڵوێستەکانیان، یان مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی لەگەڵ ئەو گرووپانە کار دەکەن، ئاسانکاری بۆ ناوەندەکانی دیکەی ئەمریکا دەکات.

لە کابینەی جۆ بایدێن، حوسییەکان لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکان هاتنە دەر، چونکە کاربەدەستانی نزیک لە بایدێن پێیان وابوو بوونی حوسییەکانی یەمەن لەم لیستەدا، دابینکردنی یارمەتی و یارمەتیی مرۆیی بۆ ئەم وڵاتە بەڵالێدراوە قورس دەکات.

حوسییەکانی یەمەن کە ناوی فەرمییان ''ئەنساروڵڵا''ی یەمەنە، لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لە بواری ماڵی و چەکوچۆڵەوە پشتیوانییان لێ دەکرێ و بەهۆی ئەم ئاژاوەگێڕییەوە توانیویانە بەشێک لە یەمەن کۆنترۆڵ بکەن.

لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشی دڕۆنیی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و زیادبوونی هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجە ئیسرائیلییەکان بە بیانووی پشتیوانی لە خەڵکی غەززە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەم سزایەی بەسەر ئەم گرووپەدا سەپاندووە.

ئەمەش لەحاڵێکدایە کە دوابەدوای هێرشی دڕۆنیی حوسییەکان لە نزیک کونسوڵخانەی ئەمریکا لە تێلاڤیڤ، ئێستا یاسادانەرانی ئەمریکا دەیانەوێت ئەم گرووپە بخرێتەوە نێو لیستی گرووپە تێرۆریستییە بیانییەکانەوە.