کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی خۆکوژیی بەندکراوێکی سیاسی لە شنۆ

13:21 - 31 پووشپەڕ 2724

عیسا ئیبراهیم زادە، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شنۆ و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژینا بە هۆی درێژنەکردنەوەی ماوەی مورەخەسییەکەی لەلایەن بەندیخانەوە، لەکاتێکدا کە خەریکی تێپەڕاندنی ماوەی مورەخەسییەکەی بووە بە خواردنی ژەهر هەوڵی خۆکوژیی داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، عیسا ئیبراهیم زادە، وەرزێڕ، سەرپەرستی بنەماڵە و خەڵکی گوندی "دێشەمس" سەر بە شاری شنۆیە کە دوابەدوای ڕەتکرانەوەی داواکارییەکەی بۆ درێژەکردنەوەی ماوەی مورەخەسییەکەی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکان و بەرپرسانی بەندیخانەوە بە خواردنی ژەهر هەوڵی خۆکوژیی داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، ئەم بەندکراوە سیاسییە بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزراوە و لەوێ خەوێندراوە.

عیسا ئیبراهیم زادە، لە ڕۆژی ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١ لە دادگای ئینقلابی شنۆ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مێهدی ڕەزایی" لە دادگاییکرانێکی چەند خولەکیدا بە تۆمەتی "بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان، پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم و پێوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی رێژیمی ئێران" بە ٥ ساڵ بەندکران سزا درا کە ٣ ساڵی جێبەجێ دەکرێ.

عیسا ئیبراهیم زادە، لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە ڕۆژی ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە کاتی گەڕانەوە بۆ گوندی "دێشەمس" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش نزیکەی دوو مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگە ئەەمنییەتییەکانی ورمێ، لە ڕۆژی ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠١دا بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی شنۆ ئازاد کرا.