کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی بەرچاوی جەڵتەی مێشک لە ئێران

13:28 - 31 پووشپەڕ 2724

بەپێی وتەی جێگری توێژینەوەی ڕێکخراوی نیزام پزیشکیی ڕێژیم، ڕۆژانە ٥٠٠ حاڵەتی جەڵتەی مێشک لە ئێراندا ڕوو دەدەن.

محەممەدڕەزا عەزیزی لە دانیشتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە ڕۆژانە ٥٠٠ حاڵەتی جەڵتەی مێشک لە ئێران ڕوو دەدات کە زۆربەی ئەو کەسانە تووشی لە کارکەوتوویی دەبن.

بەپێی ئەو ئامارە، ڕێژەی تووشبوون بە جەڵتەی مێشک لە ئێران لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زیادی کردووە و وەزارەتی تەندروستی لە ڕاپۆرتێکدا لە ساڵی ١٤٠٢ ڕایگەیاند کە ڕۆژانە ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ کەس لە ئێران تووشی جەڵتەی مێشک دەبن.

جەڵتەی مێشک یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی مردن لە ئێرانە و بەپێی ئامارە فەرمییەکان ساڵانە ١٥ لەسەدی ڕوودانی جەڵتەی مێشک گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی لێ دەکەوێتەوە.

پزیشکەکان چەندین جار هۆشدارییان داوە کە لە ٩٠ لەسەدی حاڵەتەکاندا، ١٠ هۆکاری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، بەرزیی چەوری خوێن، بەرزیی قەند لە خوێندا، جگەرەکێشان، زیادبوونی کێش، کەمیی وەرزشکردن، خۆراکی نادروست، فشاری دەروونی، نەخۆشییەکانی دڵ و خواردنەوەی ئەلکول لە هۆکارە سەرەکییەکانی جەڵتەی مێشکن.

کەمبوونەوەی نێونجی تەمەنی جەڵتەی مێشک لە ئێران یەکێک لە پرسە نیگەرانکەرەکانی دیکەیە کە پزیشکان بۆ شێوازی ژیانی ناتەندروست و خۆراکی نادروستی گەنجانی دەگەڕێننەوە.

دکتۆر شەبنەم سوهەیل نادر، یەکێک لە پزیشکانی دەمار، مانگی ڕەزبەری ١٤٠٢، ڕوونی کردەوە کە بەپێی توێژینەوەکان، تەمەنی تووشبوون بە جەڵتەی مێشک لە ئێراندا ١٠ ساڵ کەمتر لە ئاستی مامناوەندی جیهانە.