کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واڵ ستریت ژورناڵ: ئەگەری هەیە ڕووسیە مووشەکی دژە کەشتی ڕادەستی حوسییەکان بکات

13:41 - 31 پووشپەڕ 2724

ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ لە زاری دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە، ڕەنگە ڕووسیە لە تۆڵەی پشتیوانی لە هێرشەکانی ئۆکراین بە چەکی ئەمریکاییەوە بۆ سەر ڕووسیە، مووشەکی پێشکەوتووی دژە کەشتی ڕادەستی میلیشیا حوسییەکان بکات.

ئەم ڕۆژنامە ئەمریکاییە ڕۆژی هەینی ٢٩ی پووشپەڕ، لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی کە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا لەحاڵێدا ئەم هۆشدارییەیان داوە کە فەرماندەی باڵای ئەرتەشی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەم دواییانەدا لە نامەیەکدا هۆشداریی دایە پێنتاگۆن کە ئەمریکا لە ناوچەی دەریای سوور نەیتوانیوە ڕێگری لە هێرشی حوسییەکان بکات.

لە چەند مانگی ڕابردوودا حوسییەکان بە پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی دەریای سوور هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و ئەم چالاکییەیان بۆ پشتیوانی لە فەلەستینییەکان لە غەززە ڕاگەیاندووە.

حوسییەکان ڕۆژی هەینی هێرشێکی دڕۆنیان بۆ سەر تێلاڤیڤ ئەنجام دا و لە سەرەتای شەڕی غەززەوە ئەمە یەکەم هێرشی سەرکەوتووی ئەم گرووپە بۆ ئەو شارە دێتە ئەژمار.

کاربەدەستانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، بە هۆی کەوتنەخوارەوەی درۆنێک لە نزیک باڵەخانەیەکی دیپلۆماتیکی ئەمریکا کە لە یەمەنەوە ڕەوانە کرابوو کەسێک کوژراوە و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.

بەرپرسانی ئەمریکا کە ناویان ئاشکرا نەکراوە، بە ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵیان ڕاگەیاندووە، هەوڵە دیپلۆماتیکەکانی بایدێن بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەی مووشەکەکانی ڕووسیە بۆ یەمەن بریتی لە بەکارهێنانی وڵاتی سێیەم بۆ ڕازیکردنی ڤێلادیمێر پووتین سەرۆکی ڕووسیە لەو بوارەوە بووە.