کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی کەسایەتییەکی ئایینی و نیشتمانپەروەر لە شاری سەقز

13:49 - 31 پووشپەڕ 2724

شەوی چوارشەممە ٢٧ی پووشپەڕ شێخ ئازاد شەهابی کەسایەتیی خۆشناوی شاری سەقز لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە تەقەی لێ کرا و هاوکات لەگەڵ دوو کەس لە موریدەکانی کوژرا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتوون دوێنێ شەو شێخ ئازاد شەهابی و دوو کەس لە موریدەکانی بە ناوەکانی دەروێش پەیمان و دەروێش پەرویز لە گەڕەکی تەپی ماڵانی شاری سەقز و لەکاتێکدا کە لە بارەگاکەی شێخ ئازاددا بوون لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە تەقەیان لێ کراوە و گیانیان لەدەست داوە.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە شێخ ئازاد پاش چەند کاتژمێرێک بەهۆی توندیی برینەکانییەوە گیانی لە دەست داوە.

ناوبراو لە ناو موریدان و پەیڕەوانی تەریقەتی خۆیاندا جێگای متمانە و کەسێکی خۆشناو بووە.

تاکوو ئێستا زانیارییەکی زیاتر سەبارەت بەو کەسانەی کە تەقەیان کردووە و هۆکارەکانی ئەم ڕووداوە لەبەردەستدا نییە.