کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لایەنە نهێنییەکانی مردنی ڕەئیسی هێشتا ناڕوونە

20:02 - 31 پووشپەڕ 2724

ڕۆژنامەی "هەم میهەن" لە بابەتێکدا پەرژاوەتە سەر کەوتنەخوارەوەی هێلێکۆپتێرەکەی ئیبراهیم ڕائیسی و شاندەکەی و باسی لەوە کردووە کە پاش تێپەڕبوونی دوو مانگ لەم ڕووداوە تاکوو ئێستا ڕاپۆرتی کۆتایی ڕووداوەکە بڵاو نەکراوەتەوە.

موحسێن ساڵحیخا لەم بابەتەدا سەرەتا ئاماژەی بەوە داوە کە بۆچی تەنیا سی ڕۆژ پاش هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل دەبێت سەرۆککۆمار بە هێلیکۆپتێر بچێتە ناوچە سنوورییەکان، ئەویش لەکاتێکدا کە ئیسرائیل نیشانی داوە ئەگەر زەبری بەر کەوێت وڵام ئەداتەوە.

ساڵحیخا لە بەشێکی دیکەی بابەتەکەیدا ڕایگەیاندووە کە سەردانی کاربەدەستانی باڵای وڵات بەبێ پلان و بەرنامەی پێشوەختەی لایەنە سەربازی و سیاسی و ئەمنییەتییەکان ئەنجام نابێت و دەبێت دیاری بکرێت کە چ کەسانیک خیانەتیان کردووە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی هێناویەتی کە بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لەنێوان کۆتا پێوەندیی لەگەڵ فڕۆکەوانەکە و ڕووداوەکە تەنیا ٦٩ چرکە کات تێپەڕ بووە و کۆمەڵێک پرسیار لێردەا بێ وڵام ماونەتەوە.

هەواڵنیر لەم پێوەندییەدا پرسیاری کردووە کە لەم ٦٩ چرکەدا چی ڕووی داوە و سیستەمی "جی پی ئێس"ی هێلیکۆپتێرەکە چی بە سەر هاتووە و هەروەها چ هۆکارێک توانیویەتی هەموو پێوەندییەکان بچڕێنێت و هاوکات هەر دوو مەکینەی هێلیکۆپتێرەکەی لە کار بخات.

پاش کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتیری سەرۆککۆماری پێشووی ڕێژیم و کوژرانی خۆی و وەزیری دەرەوە و شاندەکەی لە ڕێکەوتی ٣٠ بانەمەڕی ئەمساڵدا هێشتا لایەنە شارەوەکانی ئەم ڕووداوە لەلایەن ڕێژیمەوە ڕوون نەکراوەتەوە و زۆربەی پرسیارەکان بێوڵام ماونەتەوە.

شایانی باسە کە هەر لە یەکەم ساتەکانی ڕووداوەکەوە تا ڕاپۆرتی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکان کۆمەڵێک لێدوان و وتووێژی دژ بەیەک و پڕ لە پارادۆکس لە بەرپرسانی ڕێژیم لە سەر ڕووداوەکە بڵاو بوویەوە.