کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵکشانی ڕێژەی ژنکوژییەکان لە ئێران لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا

20:03 - 31 پووشپەڕ 2724

ڕۆژنامەی "ئێعتماد" لە ڕاپۆرتێکدا پەرژاوەتە سەر پرسی ژنکوژی لە ئێراندا و ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، ٨٥ ژن لە ئێراندا کوژراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی زەمەنیی دیاریکراوی سێ ساڵی ڕابردوودا، ٨٥ ژن لەلایەن هاوسەر، باوک، برا و خزم و کەسانی نزیکی خۆیانەوە و زیاتر بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە یا ئەوەی کە ڕێژیم "کوشتن بە پاساوی نامووس" ناوی لێ دەبات، کوژراون.

دیاردەی ژنکوژی لە ئێران، لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ساڵەکانی ١٤٠١ هەتا ١٤٠٣، ڕووی لە هەڵکشان بووە، بە جۆرێک کە لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی ١٤٠١دا لانیکەم ٢٢ ژن و کچ، لە ساڵی ١٤٠٢دا لانیکەم ٢٨ ژن و کچ و لە ساڵی ١٤٠٣دا لانیکەم ٣٥ ژن  و کچ لە سەرتاسەری ئێراندا کوژران.

هەروەها زیاارین ئاماری ژنکوژی لە ئێراندا، بە ٥ حاڵەتەوە تایبەت بە تارانە و شارەکانی تالش، تەورێز، مەشهەد، ئێرانشار و ورمێش لەمبارەوە لە پلەکانی دواتردان.

لەلایەکی دیکەوە زۆرترین ڕێژەی ژنکوژی لەلایەن هاوسەری ئەم ژنانەوە تۆمار کراوە و لە سێ ساڵی ڕابردوودا بە ڕیز ١٦، ١٥ و ٢٧ ژن، بەدەستی هاوسەرەکانیان کوژراون.

ڕێکخراوی "ستۆپ فێمساید ئێران" لە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لە ساڵی ٢٠٢٣ی زاینیدا ١٥٦ حاڵەتی ژنکوژی بەرانبەر لەگەڵ ١٣ حاڵەتی کوشتن لە هەر مانگێکدا لە ئێران تۆمار کراوە.

شایانی ئاماژەیە کە هەندێ لە ئامار و داتاکان باس لە تۆمارکردنی ٣٧٥ هەتا ٤٥٠ حاڵەتی ژنکوژی بە شێوەی ساڵانە لە ئێراندا دەکەن.

بە هۆی هەبوونی یاساکانی کۆماری ئیسلامی و دەربازبوونی یاسایی پیاوان لە سزادران لە پێوەندی لەگەڵ ژنکوژییەکان، ئاماری ژنکوژی لە سەرتاسەری ئێراندا بە شێوەی ڕۆژانە بەرز دەبێتەوە و ئەمە بووەتە دیاردەیەکی مەترسیدار.