کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران؛ دۆزەخی پەنابەران

22:46 - 31 پووشپەڕ 2724

مێژووی هاوچەرخی وڵاتی ئەفغانستان پڕە لە دەستاودەست‌بوونی توندوتیژانەی دەسەڵات و سەرهەڵدانی چەندین دیکتاتۆریی جۆراوجۆر. وڵاتی فرە نەتەوەی ئەفغانستان ساڵانێکی زۆرە لە شەڕ و ناسەقامگیرییەکی بەردەوام‌دا بەسەر دەبات، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی هەم هێزە نێوخۆیییەکانی ئەو وڵاتە و هەمیش هێزە دەرەکی و تەنانەت دراوسێکانیشیان ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان لە شەڕەکانی مێژووی هاوچەرخی ئەو وڵاتەدا بووبێ. لە نیو سەدەی ڕابردوودا هەردوو بلۆکەکانی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات لەو وڵاتەدا تەراتێنیان کردووە و تووشی جەنایەتی جەنگی و کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵک بوون، لەگەڵ ئەوەش کودەتا سەربازییەکان و ئاڵ‌وگۆڕی دەسەڵات لە ڕێگەی خەباتی چەکدارییەوە، ئەو وڵاتەی گیرۆدەی شەڕێکی بەڕواڵەت بەردەوام کردووە.

بەدەر لەوەی کێشە و شەڕی ئەم هێزە سیاسییانە بە کوێ گەیشتووە و چ ئاکامێکی سیاسیی لێ‌کەوتووەتەوە، لەم نێوەدا ئەوەی دیارە ئەوەیە خەڵکی ئەو وڵاتە لە ڕاستی‌دا ڕووی ئاسایشیان بە خۆیانەوە نەبینیوە و بەردەوام یا لێیان کوژراوە یا ئاوارە بوون. لەنێو ئەم ئاوارانەدا بەشێکی هەرە زۆریان بەتایبەت لەدوای کودەتای ساڵی ١٣٥٨ بۆ سەر ئەفغانستان، ڕێی وڵاتانی دراوسێ واتە ئێران و پاکستان و بەشێکیش تاجیکستانیان گرتە بەر و ئێستا ئەوە چەند وەچەیە لەو وڵاتانە دەژین. دواتریش بە گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن تاڵەبانەوە لە دەیەی نەوەدی زایینی، ڕێژەی ئەو کۆچە نادڵخوازانەیە زیاتری کرد؛ بەڵام لەدوای ئەوەی تاڵەبان بۆ دووەم جار دەسەڵاتی سیاسیی ئەفغانستانی بەدەستەوە گرت، خەڵکی ئەفغانستان ڕووبەڕووی ئاوارەبوونێکی تر بوونەوە کە ئەم‌جار لەچاو جارانی پێشوو بەکۆمەڵتر بوو.

ئەو پەنابەرە ئاوارانە کە ساڵانێکی زۆرە لە ترسی شەڕ و ململانێی نێوخۆییی هێزە سیاسییەکانی ئەفغانستان پەنایان بردووەتە بەر وڵاتی ئێران، لە دژوارترین و نالەبارترین دۆخی پەنابەری‌دا بەسەر دەبەن. کۆماری ئیسلامیی ئێران هەرگیز میواندارێکی باش نەبووە بۆ ئەم ئاوارە پەنابەرانە. ئەفغانستانییەکان لە ئێران‌دا لە کەمترین مافی سەرەتاییی مرۆڤێک بێ‌بەشن، مافی دیاری‌کردنی شوێنیان نییە، بۆیان نییە هات‌وچۆیەکیان ببێ، مافی خوێندنیان نییە، ئێستاش کە زۆریەک لەوان پتر لە چل ساڵە لەو وڵاتەدا دەژین خاوەنی ناسنامەیەک نین، منداڵەکانیان ناتوانن بخوێنن و هەر لە تەمەنی کەمەوە دەچنە ڕیزی منداڵانی کار و بەرەوڕووی مەترسی‌گەلێکی وەک دەسدرێژیی سێکسی و دەیان تاوانی کۆمەڵایەتیی دیکە دەبنەوە، کۆماری ئیسلامی بەوەش نەوەستاوە و ئەو ستەمەی کە لێی کردوون پێی کەم بووە، بۆیە لە شەڕی نێوخۆییی سووریەدا لە بەرامبەر بەڵێنیی ناسنامەپێدان، ئەو ئەفغانستانییە بێ‌ناسنامە و بێ‌شوناسانەی دەناردە بەرەی شەڕی سووریە؛ کە دڕندانەترین جۆری معامەلەیە لەگەڵ پەنابەرێک و ڕێک سەردەمی بەردەداری بیر دێنێتەوە. هەر ئەو بێ‌ناسنامەیییە بووەتە هۆی ئەوەی لە هەر جۆرە مافێکی کۆمەڵایەتی و بیمە و دەرمان و لە کەمترین مافی تەندروستی و سڵامەتیش بێ‌بەش بن کە بەوتەی "مارتین لۆتێر کینگ" ئەم چەشنە لە ناعەداڵەتی نامرۆڤانەترین جۆری ناعەداڵەتی و نایەکسانییە.

لەگەڵ ئەم شێوە ژیانە ئەستەمەی کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەسەریانی‌دا سەپاندووە، ئەوان لە کۆمەڵگەش‌دا بەرەوڕووی هەڵاواردنێکی زۆر قووڵ دەبنەوە، کە ئەوەش لە جێی خۆی‌دا هەر دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتەکانی دەسەڵات لەو بارەیەوە، بەڵام ئەرک و ڕۆڵی تاکیش لێرەدا گرنگە. نەتەوەی فارسی کۆمەڵگەی ئێران، کە لە ڕووی سیاسی و میدیایی و کولتووری و ئابوورییەوە نەتەوەی خۆسەپێنی باڵادەستە، بەرەو فاشیزمێکی ڕووت هەنگاو دەنێ و کۆماری ئیسلامی و بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنەکەشی ئەم دەنگانەیان گوێ لێ‌بووە و سیاسەتەکانیان بەو پێیە دادەڕێژن. ئێستا بەشێکی زۆر لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە ڕوونیش نییە سەر بەکوێن! بەردەوام هاشتەگی "دەرکردنی ئەفغانستانییەکان وەک داواکارییەکی نیشتمانی"ـیان هەڵێناوە و گوشارێکی زۆریان خستووەتە سەر ئەو پەنابەرە بێ‌مافانە؛ کەشی سیاسییەکەیان وا لێ‌کردووە کە هەم فارسەکانی دیاسپۆرا و هەمیش کاندیداکانی سەرۆک‌کۆماری ئاوڕیان لەم بابەتە داوەتەوە و دەیانهەوێ دەربکرێن.

گرنگترین کێشەکانی بەردەمیان کە ئاماژەی پێ‌کرا، سەرەڕای ئەوەش لەلایەن خەڵکانێکەوە هەم لێیان دەکوژرێ و هەمیش ئازار دەدرێن و هیچ دادگایەکیش بەدواداچوونیان بۆ ناکات، زۆر جاریش لە ترسی دەرکردن و ئاشکرابوونیان لە هیچ حاڵەتێک‌دا ناچنە لای پۆلیس و دادگا. ئێستا جۆرێک هەستیاریی بێ‌بنەما لەسەریان دروست بووە کە هێندەی دیکە ژیانیانی خستووەتە مەترسییەوە، بۆ نموونە ماوەیەک لەمەوبەر پۆستێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاو بووەوە کە لەوێ‌دا بەشێوەیەکی بێ‌بنەما باس لە گولی (جۆزام)ـی کەسانی ئەفغانستانی کرابوو و لە ماوەیەکی کورت‌دا دەستاودەست دەبوو و وایراڵ دەکرا، کە هیچ بنەمایەکی پزشکیی نەبوو و تەنیا بە مەبەستی هەڵگیرساندنی ئاوری

هەستیاریی زیاتر لەدژی ئەفغانستانییەکان بەکار هاتبوو و بەداخەوە کاریگەریش بوو.

لە ماوەی ئەم سێ مانگەی ڕابردوودا بەپێی ئامارەکان ٨٦٠ هەزار ئەفغانستانی لە وڵاتەکانی ئێران و پاکستانەوە چوونەتەوە وڵاتی خۆیان کە لەم ئامارەدا ٥٦٪یان بەزۆری نێردراونەتەوە و ٣٥٪ێکیشیان بە ویستی خۆیان و لە ئاکامی گوشاری ئابووری و هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی ئەم بڕیارەیان داوە و لەوێش ژیانێکی ناڕوون و پڕمەترسی چاوەڕێیانە.

لەم سەردەمەدا کە ڕاستی توندئاژۆ دیسان کەوتووەتەوە سەر دەور، هەم کۆماری ئیسلامی هیوای لەسەر هەڵچنیوە و هەمیش بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنەکەی کە بەردەوام لەگەڵ دەوڵەتانی ڕاست پێوەندی دەگرن و ئەم ڕاست‌خوازییەشیان لە دوژمنایەتی‌کردنی نەتەوە و کەمینەکان‌دا ڕەنگی داوەتەوە کە یەک لەوان پەنابەرانی ئەفغانستانیی نێو ئێرانن و لە ئێستادا دیواری هەڵکوتانە سەر ئەوانیان زۆر پێ کورتە. ئەوان دەیانەوێ ئێرانێک چێ‌ بکەن نەتەوە نافارسەکانی نێو ئەو ئێرانەیان تواندبێتەوە و هەر پەنابەرێکی بیانییش لەوێ نەمێنێ و دەربکرێن.