کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆتان بۆ ئێرانی ناوکی ئامادە بکەن

01:46 - 1 گەلاوێژ 2724

خۆتان بۆ ئێرانی ناوکی ئامادە بکەن

و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

نەیشناڵ ڕیڤیو-ئێلی دایمۆند

ئێران لەوەی کە زۆر کەس بیری لێ‌دەکەنەوە لە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی نزیکترە. ڕێژەیەکی کەم خەریکی ئامادەکردنی پلان بۆ دوای ئەو ڕووداوەن. لە مانگی مای، ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی ڕایگەیاند ئێران هێندەی ئورانیۆم بە پلەی گونجاو بۆ چەکی ناوکی پیتاندوە کە بتوانێ لە ماوەی چەند ڕۆژدا چەند بۆمبی ناوکی دروست بکات. زانیاریی نوێ ئەوە دەگەیەنن ئێران لەوانەیە هەر ئێستا بەرەو "چەکی ناوکی" هەنگاوی نابێ، کە مۆدێلی کامپیوتێری و وەدەستهێنانی بەشە سەرەکییەکان بۆ دروستکردن و جێگیرکردنی نووکی هاژەکی ناوکی دەگرنەوە. هەڵبەت، ڕەنگبێ تەنانەت لەوەش لەپێشتر بێ کە هەواڵگرییە ڕۆژاواییەکان دەیزانن. کۆرەی باکوور لە ئۆکتۆبەری ٢٠٠٦، کاتێک تاقیکردنەوەی ناوکی لە ژێرزەویدا تەواو کرد، دنیای پەشۆکاند. ئێران هەر ئێستا جبەخانەی پۆشتەی هاژەکی ویشکارۆبڕی بۆ جێگیرکردنی نووکی ناوکی هەن، تواناییەک کە کۆرەی باکوور لە ٢٠١٧ دەستی پێ‌ڕاگەیشت، واتە یازدە ساڵ دوای بوون بە خاوەنی چەکی ناوکی.

سەرەڕای ئەو پێشهاتە نیگەرانکەرانە، کاربەدەستێکی نێونەدرکاوی بایدن لەو دواییانەدا سوێندی خوارد کە "ئێران قەت نابێتە خاوەنی چەکی ناوکی". بە لەبەرچاوگرتنی پێشینەی بایدن لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لە سەرەتای هاتنە سەرکاریەوە، بە تایبەتی لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە، ئەو لێدوانە قەناعەتمان پێ ناهێنێ.

ئێران لە گەشەپێدانی خێرای چەکێکی ناوکی گەلێک زۆرتر سوود دەبینێ تا چاوەڕوان بوون. بە تایبەتی ئەگەر دۆناڵد ترامپ لە جانیوەری ٢٠٢۵ دەسەڵات بەدەستەوە بگرێ.

بۆچوونێک ئەوەیە بێتوو ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوکی، عەڕەبستانی سعودیش خێرا بەدوای وەدەستهێنانی ئەو تواناییە بە یارمەتی وڵاتە یەکگرتووەکان یان ڕاستەوخۆ لە ڕێگای پاکستان دەکەوێ و بەو شیوەیە پێشکەوتنی ئێران پووچەڵ دەکاتەوە. بەڵام ئەگەر تۆ ئێران بیت، سەلماندووتە دەتوانی ڕاستەوخۆ هێرش بکەیە سەر دوژمنی خاوەن چەکی ناوکیت (ئیسڕائیل)، بێ هەڕەشەی جیددی تۆڵەئەستاندنەوە. سعودییەکان توانایی گەلێک کەمتر لە ئیسڕائیلییەکانیان هەیە و بێتوو ئەوان پشت بە یارمەتیی ئەمریکا ببەستن، وەکوو ئیسڕائیلییەکان، لە چاوترسێن‌کردنی جێگای بڕوای ئێران شکست دەهێنن. هەرچۆنێک بێ، بەڕیوەبەرایەتیی بایدن هەمیشە داوا لە هاوپەیمانەکانی دەکات ‌دۆخەکە هێور بکەنەوە.

حیزبوڵڵا، ترسناکترین بەکرێگیراوی ئێران، ویستی خۆی بۆ پەرەپێدانی هێرشەکانی بۆ سەر ئیسڕائیل، بەبێ چەتری لایەنگرانەی ناوکی ئێران دەربڕیوە. بێتوو شەڕێکی هەمەلایەنە لە نێوان ئیسڕائیل و حیزبوڵڵا بێتە ئاراوە، ئێران دەتوانێ بەر لەوەی ئیسڕائیل بتوانێ حیزبوڵلا لەناو ببات، هەڕەشەی تۆڵەئەستاندنەوەی ناوکی لە ئیسڕائیل بکات. لە ئێستادا، بێتوو ئیسڕائیل بۆ لەنێوبردنی حیزبوڵڵا هێرش بکاتە نێو قوڵایی لوبنانەوە، تووشی زیانی بەرچاو دەبێ بەڵام ئەو زیانە کوشندە نابێ. ئەگەر ئێران هەڕەشەی تۆڵەئەستاندنەوەی ناوکی بۆ پاراستنی بەکرێگیراوەکەی لە تێداچوون وەڕاست گەڕێنێ، ئەوسا ئاکامەکە بەو شێوەیە نابێ.

دەوڵەتانی وەکوو عێراق و قەتەر، کە ئێستا هاوسەنگییان لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا ڕاگرتووە، لەژێر هەڕەشەی ناوکیی ئێران، ناچار دەبن بەرەو ئێران بشکێنەوە. تاران و بەکرێگیراوەکانی زەختەکەیان بۆ سەر ئەو دوو وڵاتە بۆ وەدەرنانی هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە خاکی خۆیان زیاد دەکەن، بەو ئامانجە کە ئەمریکا بەتەواوی لە ناوچە وەدەرنێن.

دژوارییەکە لەوەدایە کە لێکهاڵانی ئێران لەگەڵ چین و ڕووسیە، ئەوی لە بەرانبەر گەمارۆکانی ڕۆژاوایی، وەک ئامرازێکی سزادان کەمتر ناسک دەکات. بەگوێرەی زانیاریی ڕێکخراوی یەکگرتوو دژی ئێرانی ناوکی، لە مانگی مای، ئێران ٩٠ لە سەدی نەوتەکەی هەناردەی چین کردوە، کە لە مانگی مای ٢٠٢٠ ئەو ڕێژەیە نیوهێندە بوو. پاش داگیرکاریی ڕووسیە دژی ئوکراین لە ٢٠٢٢، تاران هاژەکی بالیستیک و پلاتفۆرمی پێشکەوتووی بەرگریی هاژەکی، کە پێشووتر لە ترسی ڕۆژاوا خۆی لەو کارە دەبوارد، هەناردەی ڕووسیە کردوە.

وێنە بنەڕەتییەکە ئەوەیە بێتوو ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکی، خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی شوێنی حاوانەوە نامێنێتەوە. ئیسڕائیل تەریک دەکەوێتەوە، بە بژاردەی کەمتر بۆ چاوترسێنکردنی ئێران و بەکرێگیراوەکانی و سعوودی و ئیماڕاتییەکان ناچار دەبن سازشی ناخۆش بکەن.

بەبێ ئاڵوگۆڕی ئاراستەکە، وڵاتە یەکگرتووەکان زووتر لەوەی بیری لێ دەکاتەوە ناچار دەبێ ناوچەکە بەجێ بهێڵێ. لە کاتێکدا هێندێک پێیان وایە ئەمریکا دەبێ ئەوە قبووڵ بکات، چەتەیی دەریایی حوسییەکان دەیسەلمێنن بۆچوونێکی ئەوتۆ هەڵەیە. هێرشەکانی حوسییەکان ڕێگا ئاوییەکانی ناوچەی بۆ کەشتیوانیی ڕۆژاوایی کردۆتە بەرەی شەڕ، لە کاتێکدا ڕکابەرەکانی ڕۆژاوا، وەکوو چین، بێ دەستدرێژیی هاتوچۆ دەکەن. نزیکەی ٣٠ لە سەدی بازرگانیی جیهانی ئێستا بە گەرووی مالاککادا دەڕوا، بەڵام لانی کەم ١٠ لە سەدی هێشتا بە کاناڵی سوئێزدا تێ‌دەپەڕێ.

ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر جێگای نیگەرانییە، هێڵە نێوخۆییە لێک‌گرێدەرەکانی ئابووری و سەربازیی سێ وڵاتی دیکتاتۆڕیی ئەوراسیا، بە سێ گۆشەی ناوکی دەپارێزرێ. تێکدانی تەوەری ڕەشبگیریی و پشتگیریی سێ لایەنەی ئەو وڵاتانە، لە ئەگەری کێشەیەکی جیهانیدا کە لایەنێکی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بن، دژوارتریش دەبێ.

تا ئەو کاتەی بایدن سەرۆککۆمارە، کارێکی کەم بۆ پێشگرتن لەو ئاکامە دەکرێ. سیاسەتەکانی ناوبراو تەنیا ئەوەیان پشتڕاست کردۆتەوە. بەڵام، پێش ئەوەی ئێران دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات، بێتوو ترامپ بگەرێتەوە کۆشکی سپی، ڕەنگبێ هێشتا کات بۆ پێچەوانەکردنەوەی ئاراستەکە مابێ. هەر جۆرە پێچەوانەکردنەوەی ئاراستەکە دەبێ بە دانپێدانان بەوە بێ کە وڵاتە یەکگرتووەکان پێی ناوەتە گۆڕەپانی کێشەیەکی جیهانی کە لەویدا خۆرهەڵاتی نێوەڕاست سەکۆی سەرەکی دەبێ، نەوک شوێنێکی لاوەکی.

ڕاستەوخۆ یان نا، وڵاتە یەکگرتووەکان لەو کێشەیە تێوەگلاوە و لە ئاکامەکەشی پشکی شێری بەر دەکەوێ. لە ئورووپا، چەکە ئەمریکایی و ڕۆژاواییەکان تەنیا شتێکن کە پێشیان بە شکستی ئوکراین لە بەرانبەر ڕووسیەدا گرتوە. چەکە ئەمریکاییەکان لە کاتی شەڕە بەرگریکارانە و چەند بەرەییەکانی ئیسڕائیل دژی ئێران و بەکرێگیراوەکانی واتە حیزبوڵڵا و حەماس یەکلاکەرەوە دەمێننەوە. لە بەرەی ئوقیانووسی هیند-ئارام، چین خەریکی مەزنترین پۆشتەکردنی سەربازیی هەمەلایەنەی خۆی لە دوای جەنگی جیهانیی دووهەمەوەیە و چاوی تەماحی بڕیوەتە تایوان، بەڵام ئامانجی کۆتایی دەسەڵاتی ئەمریکایە.

لە کاتێکدا کە ئێران لەو سێ وڵاتانەدا بچووکترینیانە، چین و ڕووسیە تا ڕادەیەکی زۆر بە نەوت و چەکەکەیەوە بەستراونەوە. هەردووکیان لەو وڵاتە وەکوو ئامرازێک بۆ لاوازکردنی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ناوچە کەڵک وەردەگرن. سنووردارکردنی ئێران و پێشگرتن بە وەدەستهێنانی چەکی ناوکی، دەبێتە هۆی ئاواڵا مانەوەی ڕێگا دەریاییەکان بەرەوڕووی کەشتیوانیی ڕۆژاوا و بنکۆڵ کردنی دابینکەری سەرەکیی چین و ڕووسیە.

لە ئاستی ناوچەییدا، سەرۆککۆمار ترامپ خاوەنی بیرۆکەی دروستی ستراتێژیی "ئەوپەڕی زەخت" دژی ئێران و "ئەوپەڕی پشتگیریی" لە هاپەیمانەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان، وەکوو ئیسڕائیل، عەڕەبستانی سعودی و ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی بوو. بێتوو، بەر لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی، ترامپ جارێکی دیکە لە ٢٠٢۵ دەسەڵات وەدەست بێنێتەوە، دەبێ دیسان ئەو ستراتێژییە، بە لەبەرچاو گرتنی هەلومەرجی نوێ بە هێندێک گۆڕانکارییەوە، بگرێتە بەر. ئامانج دەبێ گەڕاندنەوەی متمانە بۆ چاوترسێن‌کردنی سەربازیی هاوکات لەگەڵ ناچارکردنی ئێران بۆ مامەڵەی گۆڕینەوەی قازانجی ئابووری بە بەرنامەی ناوکی و پشتگیریی لە بەکرێگیراوەکانی بێ.

یەکەم، ترامپ دەبێ بە فەرمی ئێران بە هاندەری هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەر تاوانبار بکات

 بە هۆی سروشتەکەیەوە، بەڕێوەبەرایەتیی بایدن خۆی لە تاوانبارکردنی ئێران لەمەڕ هێرشەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر بواردوە. کردنی ئەو کارە بە مانای قووڵکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ تاران و ڕەتکردنەوەی سیاسەتی بەڕێوەبەرایەتییەکە بۆ سازش لەگەڵ ڕێژیم بە سووککردنی گەمارۆکان و شلکردنی سەپاندنیانە. بۆیە ئێران بۆ پشتگیرییەکەی لە حەماس، حیزبوڵڵا و حوسییەکان یان میلیشیا بەکرێگیراوە جۆراجۆرەکانی لە عێراق و سووریە، کە تەقەیان لە هێزی سەربازیی ئەمریکا کردوە و چەند کەسێکیشێان کوشتوە، بەرەوڕووی هیچ کاردانەوەیەک نەبۆتەوە. ئەوە دەبێ لە یەکەم ڕۆژدا ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێ. هەرکات سەرۆککۆمار ترامپ باسی خۆرهەڵاتی نێوەڕاستی کرد، ئێران دەبێ وشەی سەرەکی بێ. کاتێک خەڵکی مەدەنی لە غەززە دەمرن یان پاپۆڕی ڕۆژاوایی لە دەریای سوور نوقم دەکرێن، ئێران تاوانبار بکرێ. ترامپ هەروەها دەبێ ڕەخنە لە ئێران بگرێ چونکە چین لە نەوتە هەرزانەکەیدا نوقم بووە و نرخی نەوت و گازی هەناردەی ئەمریکا دادەبەزێنێ.

دووهەم، گەمارۆکانی سەر ڕێژیم توندتر بکات

ترامپ دەبێ دەستبەجێ توندترین گەمارۆکانی مومکین لە سایەی یاساکانی وڵاتە یەکگرتووەکانەوە بەسەر زۆرترین کەرتەکاندا وەکوو، وزە، سیستەمی بانک، چەکوچۆڵ، کەشتیوانی و هتد، بسەپێنێتەوە. ئەو هەروەها جێبەجێکردنی گەمارۆکانیش بۆ سەر چین و وڵاتانی دیکە کە نەوتی ئێران دەکڕن، چڕتر بکا. لە ڕوانگەی دیاریکردنی کاربەدەستانیشەوە، ترامپ دەبێ پەلە بکات لە دیاریکردنی بەرێوەبەرانی ئەو شوێنانەی کاریگەریی سەرەکییان بۆ پرسی گەمارۆکان هەیە، وەکوو وەزارەتی دارایی، وەزارەتی کاروباری دەرەوە و وەزارەتی بازرگانی تا بەو شێوەیە ئەو پەیامە بگەیەنێت کە سەپاندنی بەربەرین گەڕاوەتەوە. بەسەر یەکەوە، ئەو هەڵوێستە دەستپێکی بێبەشکردنی تاران و بەکرێگیراوانی لە دراوی نەغد و ناچارکردنی چین بە دوو جار بیرکردنەوە لە ڕێژەی هاوردەکردنی وزە لە ئێران بکاتەوە. ئەوە هەروەها تاران ناچار دەکات لە نێوان دابینکردنی کەرەستەی بەکرێگیراوانی و وەبەرهێنان لە بەرنامە ناوکییەکەی یەکیان هەڵبژێرێت.

سێهەم، لەبەر ئاکاری بەکرێگیراوانی، کاردانەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ تووشی ئێران بکات

وەک ئاماژەی پێ کرا، بەڕێوەبەرایەتی بایدن خۆی لە تاوانبارکردنی ئێران بە هاوبەش‌بوون لە ئاکاری بەکرێگیراوانی لە سەرانسەری ناوچەکە بواردوە. بۆ وێنە، ترامپ دەتوانێ بەئاشکرا هەڕەشەی نوقمکردنی پاپۆڕێکی ئێرانی لە بەرانبەر نوقمکردنی هەر پاپۆڕێکی ڕۆژاوایی لە لایەن حوسییەکانەوە بکات. بە هەمان شێوە، ئەو دەتوانێ ڕابگەیەنێت لە بەرانبەر هەر فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان یان هاژەکێکی کەڵک لێ‌وەرگیراو بۆ هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا هێرشی وڵاتە یەکگرتوەکان بۆ سەر بینای سوپای پاسداران بۆ بەرهەمهێنانیانی لێ دەکەوێتەوە. تا ئەو کاتەی ئەوە ڕەچاو بکرێ، ئەمریکا باڵادەستی بەرزکردنەوەی لە بەرانبەر ڕێژیمدا دەبێ.  

چوارەم، پێگە ئەمریکاییەکان لە ناوچەدا بەهێز بکات

لە دەستپێکی شەڕی نێوان حەماس و ئیسڕائیل، پێگە سەربازییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ناوچەدا بوونە ئامانجی میلیشیا بەکرێگیراوەکانی ئێران. ئەوە بۆتە هۆی بڵاوبوونەوەی دەنگۆیەک کە بەڕیوەبەرایەتیی بایدن بە تەمای چۆل کردنی پێگەکانی وڵاتە یەکگروەەکان لە عێراقە کە نزیکە ٢۵٠٠ کەس هێزی لێ جێگیر کراون. لە جیاتی پاشەکشە لەو بنکە گرینگانە، ترامپ دەبێ بەڵینی بەهێز کردنییان لە بەرانبەر هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هاژەک لە داهاتوودا بدا و بە ئاشکرا باسی بکات. پێویست ناکات ئەو ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا زیاد بکات، بەڵام دەتوانێ باشتر پارێزگاریی لەوانە بکات کە هەر ئێستا لەوێ جێگیر کراون. ئەوە دەبێتە هۆی دانی ئەو سیگناڵە بە ئێرانییەکان کە وڵاتە یەکگرتووەکان لە جێی خۆی دەمێنێتەوە و هەر هێرشێک لە داهاتوودا تۆڵەی دەکرێتەوە.

لە کۆتاییدا، پەیماننامەی ئیبراهیم بۆ "هاوپەیمانیی ئیبراهیم" بەرز بکاتەوە

 پەیماننامەی ئیبراهیم، پێش هەموو شتێک یەکێک لە گرینگترین دەستکەوتەکانی ترامپ، لە جیات پەیوەندییە سەربازییەکان، زۆرتر جەختی لەسەر باشترکردنی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی نێوان ئیسڕائیل و دراوسێ عەڕەبەکانی کردوە. بەو خۆرهەڵاتی نێوەڕاستەی کە ئیستا لە شەڕدایە، پەیماننامەکە دەبێ بۆ ئاستی هاوبەشییەکی هەمەلایەنەی ئەمنییەتی بەرز بکرێتەوە.

فاکتەری سنووردارکردنی هاوکاریی سەربازیی نێوان ئیسڕائیل-عەڕەب، بەڕێوەبەرایەتیی بایدن بووە: لەجیات پشتگیریکردنی ئیسڕائیل و هاوپەیمانەکانی لە کەنداو بە شیوەی هاوکات، بایدن هەوڵی داوە ئەوان دژی یەکتر بەکار بینێ، بۆ وێنە، هەڵواسینی ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسڕائیل-سعودی بە ئاگربڕ لە غەززە و دانپێدانانی ئیسڕائیل بە دەوڵەتی فەلەستین، کە هیچکامیان خوازیارێکیان لە ئورشەلیم نییە.

بۆ چاوترسێن‌کردنی ئێران، ترامپ دەبێ کار بۆ بەرفراوان‌کردنی پەیماننامەکە و گۆڕینی بۆ هاوپەیمانییەک، هاوتەریبی ئاککوس، هاوبەشییەکی ئەمنییەتی لە نێوان وڵاتە یەکگرتووەکان، بریتانیا و ئوسترالیا بۆ وەستان لە بەرانبەر چین لە ناوچەی ئوقیانووسی هیند-ئارام، بێ. لە ڕوانگەی سەربازییەوە، بەڵێنی هاوبەشییەکی ئەوتۆ لە کاتی هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل لە مانگی ئاپریل پیشان درا: سعودی یارمەتیدەری خستنەخوارەوەی هاژەک و درۆنەکان بوو لە کاتێکدا کە ئوردن ڕێگای بە ئیسڕائیل دا ڕێگاچارەی بەرگریکارانە لە ئاسمانەکەی بگرێتە بەر. وەکوو پەیماننامەکە، توخمەکانی پێویست بۆ هاوبەشییەکی ئەمنییەتی هەر ئێستا بوونیان هەیە؛ ئەوان تەنیا پێویستیان بە هاندان و بە فەرمی‌کردنە. بە هەمان شێوەی ئاککوس، هاوپەیمانیی ئیبراهیم دەتوانێ ڕێخۆشکەری گۆڕینەوەی تەکنەلۆژیا و چەکوچۆڵی سەرەکی لە نێوان وڵاتە یەکگرتووەکان، ئیسڕائیل و هاوبەشەکان لە کەنداو بێ. ئەو هەروەها دەتوانێ میکانیزمێکی نافەرمی بۆ پلاندانانی بەرگریکارانە و هێرشبەرانە دژی ئێران بێ.

لە چوارچێوەی جیهانییەوە، هاوپەیمانیی ئیبراهیم دەتوانێ خڕکەرەوەی مێژوویی هاوپەیمانیی ئاتلانتیک لە ئورووپا و ئاککوس لە ئوقیانووسی هێند-ئارام بێ و یارمەتیدەری پتەو کردنی جێپێی وڵاتە یەکگرتووەکان لە سێ گۆشەی گۆڕەپانی کێبڕکێی زلهێزەکان لە جەنگی داهاتوودا بێ.

بە ئیرادەی سیاسیی پێویست، هێشتا دەکرێ ڕێگای ئێران بەرەو بوون بە خاوەنی بۆمبی ناوکی بگیرێت. بەڵام بێتوو دەستی بە چەکی کۆتایی ڕابگات، وڵاتە یەکگرتووەکان و هاپەیمانەکانی دەبێ ئامادەی هەنگاوی دواتر بن.