کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیادکردنی بوودجەی وەزارەتی ئیتلاعات بە بیانووی بەرەنگاربوونەوە دژی ئیسرائیل

11:22 - 1 گەلاوێژ 2724

ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئاشکرای کرد، بوودجەی ئەم وەزارەتە لە دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسیدا ١٠ بەرابەر زیادی کردووە.

ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی پووشپەڕ، ئیسماعیل خەتیب لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە کردەوەی سێ ساڵەی دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسی ڕایگەیاند: "بە بوودجەی ١٠ بەرابەری ژێرخان و بەداوداچوونی ڕەئیسی و مەجلیس و یاسای بوودجە، توانیمان ژێرخانی ئەمنییەتی پەرە پێ بدەین و بە باشی ڕووبەرووی ئیسرائیل ببینەوە.''

بەپێی ڕاپۆرتی نوێی شیرکەتی ئەمنییەتی سایبێری ''چێک پۆینت''، گرووپی هاکێریی ''مادی واتێر'' زنجیرەیەک هێرشی نوێی بۆ بەکارهێنانی نەرمەئامێری زیانبەخش تازە پەرەپێدراوە لەسەر ئاستی جیهانی ئەنجام داوە.

بەپێی ئەو زانیارییانە، شیرکەتی مادی واتێر ڕاستەوخۆ بۆ وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی کار دەکات و محەممەدڕەزا خرووش، یوونس وەلیایی و محەممەد خۆش‌لەحەن ئەندامی سەرەکیی ئەم گرووپەی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتن.

دوای هێرشی حەماس لە ١٥ی ڕەزبەر بۆ سەر ئیسرائیل، هێرشە هاکێرەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی توندتر بوون و تیشکیان خستە سەر وڵاتانی ئیسرائیل، تورکیە، ئەلجەزائیر، ئیتالیا و میسر.

تەرخانکردنی بوودجەیەکی گەورە بۆ وەزارەتی ئیتلاعات لەحاڵێکدا بوو کە ساڵی ١٤٠١، ڕۆژنامەی ''فایننشاڵ تایمز'' لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران لە ڕەخنەی ئیسرائیل بۆ نێو خاکی ئیران ترسیان لێ نیشتووە.

ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاندووە کە ئیسرائیل بەڵگەنامە نهێنییەکانی ناوکیی دزیوە و هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران و هەروەها کارناسانی ناوکیی تیرۆر کردووە.