کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەڵکوەرگرتنی ڕووسیە لە پەهبادەکانی ڕێژیم لە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراین

12:03 - 1 گەلاوێژ 2724

دوابەدوای هێرشە بەرفراوانەکەی ئەرتەشی ڕووسیە بە مووشەک و پەهباد بۆ سەر ئۆکراین، ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی پووشپەڕ، وێلادێمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین ڕایگەیاند: تەنها لە شەوێکدا ئەرتەشی ڕووسیە نزیکەی ٤٠ پەهبادی شاهێدی لە دژی ئۆکراین بەکار هێناوە بەڵام گرینگ ئەوەیە زۆربەیان لەلایەن بەرگریکارەکانمانەوە لە ئاسمانەوە تەقەیان لێکرا و تەقێندرانەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی بۆ پاراستنی شارەکانی و سەربازەکانی لە هێڵی پێشەوەی هێرشەکان تا لە بەرامبەر بۆمب و پەهبادەکانی ئەرتەشی ڕووسیە پارێزراو بن.

هەروەها ئەرتەشی ئۆکراین ڕایگەیاند، لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا ڕووسیە پێنج جار بە پەهباد کیێفی کردووەتە ئامانج، بەڵام سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئۆکراین پێش ئەوەی ئەو پەهبادانە بگەنە پایتەختی ئۆکراین لەناوی بردوون.

سەرۆکی ئۆکراین ئاماژەی بەوەش کرد، کە بۆ ئەوەی وڵاتەکەی لە هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیە بپارێزێت، پێویستە فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ڕووسیە هەر لە بنکە ئاسمانییەکانی ڕووسیەوە لەناو ببردرێن.

لەبارەی بەکارهێنانی پەهبادی ڕێژیم لەلایەن ڕووسیەوە بۆ شەڕی دژی ئۆکراین هەروەها ناردنی چەک و فڕۆکە و هاوکاریی سەربازی ڕێژیم بۆ ڕووسیە تا ئێستا چەندین جار هۆشداری بە ئێران دراوە و بە بەڵگە ئەو کارەی ڕێژیم سەلمێندراوە، بەڵام ڕێژیمی ئێران بە چەواشەکاری نکۆڵی لە هاوکاری و پێدانی چەک و پەهباد بە ڕووسیەی کردووە.