کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو کردەوەی تێرۆریستی، دوو کاردانەوەی جیاواز!

12:10 - 1 گەلاوێژ 2724

ئەلبورز ڕوویین‌تەن

لە کاتێکدا یادکردنەوەی ٣٥ ساڵەی تێرۆرکرانی ڕێبەری نەمر دکتور قاسملوو و هاوڕێیانی و هەروەها مەحکوم‌کردنی کردەی تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانانی تێرۆر ڕۆژەڤی سیاسیی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەرەوەی وڵات بوو، کردەوەیەکی دیکەی تێرۆریستی هەموو  دنیای بە خۆیەوە سەرقاڵ کرد. تێرۆری ناسەرکەوتووی دوناڵد ترامپ، بەربژێری کۆماریخوازەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ئەم هاوینەی ئەمریکا لە زۆر ڕەهەند و لایەنەوە سەرنجی خرایە سەر.

زۆربەی چاودێرانی سیاسی باس لە گۆڕانی ئاراستەی مێژوو بەو ڕووداوە دەکەن، تەنانەت سەرەڕای ئەوەی سەرکەوتوو نەبوو و دوناڵد ترامپ بە برینێکی سوک ڕزگاری بوو، بەڵام ئەم تێرۆرە ناسەرکەوتووە هەموو ڕووداوەکانی داهاتووی ئەمریکا و تەنانەت سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتەی خستووەتە ژێر کاریگەریی خۆی.

هەر لە یەکەم چرکەساتی ئەو تێرۆرەدا ئەمریکا بە هەموو دامەزراوە و کاراکتەرە سیاسییەکانی کەوتنە مەحکومکردن و کار بۆ ئاشکراکردنی چۆنیەتی و وردەکاریی ئەو ڕووداوە. کۆمەڵگەی جیهانییش  بە گشتی ئەو کردەوەیەی مەحکووم کرد و، لە لێکۆلینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوت کە بکەری ئەو تێرۆرە تازەلاوێکی بیست ساڵەی ئەمریکاییە و هەتا ئێستا بەتەواوی پاڵنەرەکانی پشت ئەو کردەوەیە ڕوون نییە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.

ئەگەر بەراوردێک لەگەڵ تێرۆری ڕێبەری نەمرمان دکتور قاسملوو لەگەڵ تێرۆری ناسەرکەوتووی دوناڵد ترامپ بکەین بێگومان زۆر جیاوازن. لە هەندێک ڕووەوە تێرۆری ڕێبەری نەمرمان بە سەدان جار ترسناکتر و مەترسیدارترە لە تێرۆری ناسەرکەوتووانەی ترامپ. چونکە لەوێدا دیپلۆماتەکانی وڵاتێک بە ناوی دانوستاندن لەسەر مێزی وتووێژ ڕێبەری نەتەوەیەکیان تێرۆر کرد، کە دەبا دونیا مەحکومی کردبا بۆ ئەوەی هاودەنگییەکی جیهانی دژی تێرۆر دروست ببا.

هەر چەند ڕێبەری نەمرمان لە وتارێکدا بۆ کۆنفڕانسی تێرۆر لە پاریس ساڵێک بەر لە تێرۆرکرانی بە شێوەیەکی زانستیانە ڕەخنە لە نەبوونی ئەو هاودەنگییە و هەروەها جیاوازیی بیروڕا لەسەر خەباتی نەتەوەکان و جیاکردنەوەیان لە تێرۆریست‌بوونیان  دەگرێت و تانە لە هەڵسوکەوتی ڕۆژئاوا دەدات. ئەو وتارە بەتەنیا بەڵگەیە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ ڕێبەری نەمرمان چەندە سیاسەتوانێکی لێزانی دونیای سیاسەت و پرسە نێونەتەوەییەکان بوو، بەڵام چونکە ئەو لە نەتەوەی بێ‌دەوڵەتی کورد و لە وڵاتی داگیرکراوی کوردستان بوو، کەس دەنگی نەدەبیست.

لە کاتێکدا هەموو ئەمریکا یەکدەنگ بووە بۆ ئەوەی هەموو کەلێن و قوژبنی کردەوە تێرۆریستیەکەی ترامپ دەربخەن و بە سەدان پەیامی نێودەوڵەتی کە بە نزاکردن بۆ ترامپ دەست پێ دەکرێ بڵاو دەبێتەوە و، بە سەدان هەزار هەواڵ و ڕاپۆرتی میدیایی بڵاو دەکرێتەوە و، تەنانەت هەموو ڕوووادەکانی داهاتووی ئەمریکا لانی کەم تا چوار ساڵی ڕابردوو بە جورێک لەژێر کاریگەریی ئەو کردەوەدا دەبن، بەڵام هاواری ئازادیخوازی و دادخوازیی نەتەوەی کورد بۆ وەگەڕخستنەوەی کەیسی تێرۆری دوکتور قاسملوو بە گوێی کەس ناگات و تەنانەت لە مێدیاکانی ئەو کاناڵە فارسانەی ئیدیعای دژایەتیی کۆماری ئیسلامیشیان هەیە، بە دێڕێک لە سەری نانوسرێ.

بەو بەراوردەی نێوان ئەو دو کردەوە تێرۆریستیە جیاوازە ئەو نووسینەی توسیدیسی یۆنانی کەونار کە بە بناغەی تیئوریی ڕیئالیزم لە پەیوەندیە نێونەتەوەییەکان دادەنرێ خۆی دەردەخات و جارێکی دیکە ڕاستیەکەی وەڕاست دەگەڕێ. لە کاتی شەڕی پلوپێنزی، ملینا ویستی لە نێوان سپارتا و ئاتێندا بێلایەن بمێنێتەوە، بەڵام سپارتاییەکان قەبوڵیان نەبوو و هێرشیان کردە سەر ملینا. توسیدیشی نووسی :"ماف تەنیا لەنێوان بەهێزەکاندا پرس و بابەتە، هەر بۆیە بەهێز هەرچی بیهەوێ دەیکات و لاوازیش ڕەنج دەبات کە دەبێ بیبات".