برایم چووکەڵی
چەپک، چەپک خولیا دەڕوێن، لەسەر گۆپکەچرۆی ئەوینی نیشتمان
شه‌هید مه‌لا قادری کوردستانی
گه‌لانی به ئاوات گه‌یشتوو شانازی به ڕابردووی مێژووی خه‌باتی خۆیانه‌وه ده‌كه‌ن و له‌نێو كۆمه‌ڵدا سه‌ربه‌رز و سه‌رفیرازن، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ له‌خۆبوردوویی لاوه‌کانیان و له‌سایه‌ی فیداكاری و گیانبازیی ڕۆڵه شه‌هیده‌كانیان. گه‌لی ئێمه‌ش شانازی به شه‌هیده‌كانیەوە ده‌كا و دڵنیایە لەسایه‌ی خوێنی ئه‌وانەوە نه‌ته‌وه‌كەمان دواڕۆژێكی ڕوونی ده‌بی. لە کاروانی خەباتی دوورودرێژی گەلەکەماندا و بۆ سەربەستی و بەختەوەریی ئەم نەتەوەیە زۆر ڕۆڵه‌ی نیشتمان گیانیان کردووەتە بەردەبازی ئازادی، کە دەبێ ڕێزیان لێ بگرین و ناو و یادیان هەمیشە بە بەرزی ڕابگرین. یەک لەو ڕۆڵە بەئەمەگانەی گەل و نیشتمان کە لە "هەگبەی شاخ و شۆڕش"ی ئەمجارەماندا باس لە ژیان و بەسەرهاتی دەکەین، مه‌لا قادری کوردستانییه له ناوچه‌ی پیرانشار.
شه‌هید مه‌لا قادری کوردستانی ساڵی ١٣٣٥ هەتاوی له ئاوایی "گردئاشه‌وان"ی ناوچه‌ی لاجانی پیرانشار له بنه‌ماڵه‌یه‌کی وه‌رزێری زه‌حمه‌تکێش چاوی به دنیای ڕوون کرده‌وه. به‌ره به‌ره گه‌وره بوو و ڕه‌وانه‌ی قوتابخانه کرا، هاوکات له حوجرە و قوتابخانه‌ی ئایینیش ده‌یخوێند. لە قۆناغی ناوەندیدا وازی لە خوێندن هێنا و ڕووی کردە کاری وه‌رزێری و وێرای بنه‌ماڵه‌کەی ئەرکی دابین‌کردنی ژیانی وەستۆ گرت.
مەلا قادر به هه‌ڵبوونی تیشكی شۆڕش دژی ڕێژیمی پاشایه‌تی چالاكانه به‌شداریی ڕاپەڕینی گه‌لانی ئێرانی كرد و پاش ئه‌وه‌ی ڕێژیمی كۆنه‌په‌ره‌ستی پاشایەتی ڕووخا و سەرکوتی خەڵکی کوردستان لەلایەن ڕێژیمی تازە بە دەسەڵات‌گەیشتووی کۆماری ئیسلامییەوە دەستی پێ کردەوە، بیری ئازادیخوازی و ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌كه‌ی لە دڵ و دەروونی مەلاقادردا چەقەرەی دا. ئەو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به خوێن و ئێسک و پێستەوە ده‌ردی هه‌ژاری و نه‌داری، و زوڵم و سته‌می ده‌سه‌ڵاتدارانی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیی دڵڕه‌قی ده‌رهه‌ق به گه‌له‌كه‌ی هه‌ست پێ كردبوو، پێوەندیی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە گرت و ئەم حیزبەی بۆ خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی هەڵبژارد. دواجار له ساڵی ١٣٥٩ دا بوو به پێشمه‌رگه و به شانازییه‌وه ده‌ستی دایه چه‌ك و به‌رگی پیرۆزی پێشمه‌رگایه‌تی له به‌ر كرد و له لکی ٤ی هێزی ئاواره‌ی ئه‌وکاتدا سازمان درا.
مەلا قادر پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئازا و شۆڕشگێڕێكی ڕاسته‌قینه و دڵسۆز بوو. له ماوه‌یه‌كی كورتدا ببوو به خۆشه‌ویستی هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی. دواتریش بە به‌شداری‌كردن له شه‌ڕه‌كانی ناوچه‌ی پیرانشار‌دا زیاتر جیگای خۆی له‌نێو خه‌ڵكی ناوچەدا كرده‌وه. ئەو كورێكی خاكەڕا و ڕوح‌سووك بوو. بۆ بڕیار و ڕاسپارەکانی حیزب سەرلەپێناو بوو. هه‌ر مه‌ئمورییه‌تێكی بۆیان دیاری كردبا، به‌دڵ و بەگیان به‌ڕێوه‌ی ده‌برد. له شه‌ڕه‌كان زۆر ئازایانه هه‌ڵی ده‌كوتایه سه‌ر دوژمن و بوێرانە بەرگری له شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌تی گه‌له‌كه‌ی ده‌كرد. زۆری نەبرد کە به‌هۆی لێهاتوویی وه‌ک سه‌رپه‌ل، پاشان وه‌ک جێگری لک و دواتر وه‌ک فه‌رمانده‌ری لک دیاری کرا.
مه‌لا قادر کوردستانی له بەرەکانی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ دوژمن‌دا دوو جار بریندار بوو، و هه‌موو جارێ پاش سارێژبوونه‌وه‌ی برینه‌کانی ئازاتر له پێشوو ده‌گه‌ڕایه‌وه سه‌نگه‌ری خه‌بات و تێکۆشان دژی داگیرکه‌رانی کوردستان. مه‌لاقادر کوردستانی هه‌ر كاتێك بنه‌ماڵه‌كه‌ی داوایان لـێ ده‌كرد واز له پێشمه‌رگایه‌تی بێنێ و بگەڕێتەوە سەر ژیانی ئاسایی، پێی گووتن: تا ئه‌وكاته‌ی زیندووم چه‌كی شه‌ره‌ف له شانمه و نایهێنمه خوارێ. ئەو ئەوەندە قسه‌خۆش بوو هه‌موو خه‌ڵكی ناوچه ده‌یانناسی و سه‌ردانی هه‌ر ماڵێكی كردبا ئاواتیان ده‌خواست جارێكی‌تر ببێتەوە میوانیان و بچێتەوە ماڵیان. ئازایه‌تیی مەلا قادر له شه‌ڕەکانی هه‌واره‌بی، کلاوڕه‌ش، چیانه، جاده‌ی سه‌رده‌شت - پیرانشار، چاکی ترشی، که‌وپه‌ر، بادیناوێ و دایه‌شیخی‌دا ڕۆڵی سه‌ره‌کیی هه‌بوو.
ئازایه‌تیی مەلا قادر ببووە وێردی سه‌ر زمانان و حەماسەخوڵقێنییەکانی لاپەڕەکانی زێڕینی قارەمانەتیی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی دەڕازاندەوە. ناو و ناوبانگی مه‌لا قادر کوردستانی وەک قارەمانێکی بوێر و ئازا و فەرماندەیەکی بەوەجی دێموکرات لە ناوچەکەدا بڵاو ببۆوە. شەهید مه‌لا قادر خاوەنی خوو و ڕەوشتی شۆڕشگێڕانە بوو، لە کوورەی ژیانی سەخت و دژوار‌دا، و لە مەیدانی ٧ ساڵ شەڕ و بەربەرەکانیدا قاڵ ببوو، خارابوو، چقڵی چاوی دوژمنی داگیرکەر بوو. ئازایه‌تی و جوامێری، وره‌ی به‌رز و هه‌ڵسووڕبوونی، ئیمانی قووڵ به ڕێبازی حیزب و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی گه‌له‌كه‌ی، تایبه‌تمه‌ندییه‌ک بوون که له دەروونیدا ڕیشه‌ی داکوتابوو.
مەلا قادر ڕۆژی ٢١ی مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٦ی هه‌تاوی بۆ ئه‌نجامدانی کاری حیزبی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌کانی لکه‌که‌ی ڕوویان له ئاوایی ترکه‌ش کرد، پاش به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌رکه حیزبییەکان له کاتی گه‌رانه‌وەدا هێزی دوژمنی کۆنه‌په‌ره‌ست که‌مینی بۆ دانابوونه‌وه و دەستڕێژیان لێ کرا. شێرەکوڕانی دێموکرات لێیان وەدەست هاتن و پاشەکشەیان بە دوژمن کرد، بەڵام مخابن مه‌لا قادر کوردستانی که‌وته به‌ر گولله‌ی داگیرکه‌ران و شه‌هید بوو و شی‌و و دۆڵی ئاوایی ترکه‌شی به خوێنی سوور و گه‌شی خۆی سوور کرد.
شەهید مەلا قادر گیانی شیرینی پێشکه‌ش به باره‌گای ئازادیی گەلەکەی کرد، بەڵام ناو و یادی بۆ هەمیشە لە دڵ و یادگەی ڕۆڵەکانی نیشتمانەکەی زیندوو مایەوە.