کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی داوای لە پزشکییان و مەجلیس کرد لە هەڵبژاردنی کابینەی دەوڵەتدا یەکگرتوو و یەکدەنگ بن

12:40 - 1 گەلاوێژ 2724

ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی پووشپەڕ عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نوێنەرانی مەجلیس و مەسعوود پزشکییان داوای لە مەجلیس و دەوڵەت کرد کە یەکگرتوو و یەکدەنگ بن.

خامنەیی لەم کۆبوونەوەدا ڕایگەیاند کە مەجلیس لە زووترین کاتدا دەبێت بە وەزیرانی پێشنیارکراوی پزشکییان دەنگ بدات و جەختی کردەوە دەنگ بە کەسانێک بدەن کە بە وتەی خۆی جێی متمانە، ڕاستگۆ، دیندار و تا سەر ئێسقان بە کۆماری ئیسلامی بڕوامەند بێت.

ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە کەسانێک لە جیهاندا خۆیان ئامادە کردووە تا ناتەبایی و دژایەتی لە کۆماری ئیسلامیدا ببینن.

ئەم قسانەی خامنەیی لەکاتێکدا بوو کە چەند کاتژمێرێک پێش چاوپێکەوتنی لەگەڵ نوێنەرانی مەجلیس و پزشکییان، مێهدی کووچکزادە لە کۆبوونەوەی مەجلیسدا ڕوو لە پزشکییان وتی: "ئێوە داوا دەکەن کە هەمووان یەکگرتوو بین بەڵام بە هەبوونی هێمای دژایەتی و دووبەرەکی یانی محەممەدجەواد زەریف، ناکرێت یەکگرتوو بین".

کووچکزادە زیادی کردووە کە زەریف کەسانێکی هەڵبژاردووە کە ئەسڵی ڕۆحانییەت و کۆماری ئیسلامی ڕەت دەکەنەوە.

ئەم قسانەی کووچکزادە سەبارەت بە دانانی محەممەدجەواد زەریف لەلایەن پزشکییانەوەیە تاکوو لە چوارچێوەی شۆرای ڕاهبەری، کابینەی دەوڵەتی چواردەیەم دیاری بکات.

بەڵام کووچکزادە تەنیا کەسێک نەبوو کە هێرشی کردە سەر بەرپرسی شۆرای ڕاهبەری پزشکییان، عەلی خامنەیی لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا بە پشتیوانیکردن لە یاسای "ڕاهبۆردی"ی مەجلیس ڕایگەیاند کە ئەم یاسا یەکێک لە هەوڵە باشەکانی مەجلیس بووە و ڕخنەگرتنی هێندێک لەم یاسایە بە هیچ شێوازێک دروست نییە.

مەبەستی خامنەیی قسەکانی زەریف بوو کە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا ڕەخنەی توندی لەم یاسایە گرتبوو و ڕاگەیاندبوو کە یاسای ڕاهبۆردیی مەجلیس ڕێگەی نەداوە تاکوو جۆ بایدێن بگەڕێتەوە بۆ بەرجام.

یاسای ڕاهبۆردیی مەجلیس ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی لەلایەن مەجلیسەوە پەسەند کرا و دەوڵەت ئەرکدار دەکات کە توانای پیتاندنی ئۆرانیۆم بباتە سەرەوە.

جیا لەمانە محەممەدجەواد زەریف لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە کابینەی دەوڵەتی چواردەیەم دەبێت لە کەسانێک پێک بێت کە دیسکۆرسیان لەگەڵ دیسکۆرسی پزشکییان یەکێک بێت.

دژبەرانی پزشکییان سەبارەت بە بەرپرسایەتیی زەریف ڕایانگەیاندووە کە پزشکییان تەنیا سەرۆککۆمارێکی ڕواڵەتییە و کەسانی دیکە لە جیاتی ئەو بڕیار ئەدەن.

هەموو ئەم دووبەرەکی و ناتەباییانە لەکاتێکدایە کە مەسعوود پزشکییان پێش دیاریکرانی وەک سەرۆککۆماری ڕێژیم لە قسەیەکی یەکلاکەرەوەدا ڕایگەیاندبوو کە سیاسەتەکانی خامنەیی هێڵی سووری دەوڵەتەکەی دەبێت و لەو چوارچیوە لا نادات.