کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند ئەردۆغان تورکیەی کردووە بە وڵاتێک کە پشتیوانی تێرۆریستە

17:11 - 1 گەلاوێژ 2724

ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی پووشپەڕ، دەسبەسەرکردنی ئەندامێکی گرووپی تێرۆریستی ڕاگەیاند کە تورکیە پشتیوانی دارایی و چەکداری لێ دەکات.

ناوبراو بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک بە زمانی تورکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس کە کاریکاتۆری عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیەی تێدایە، ڕایگەیاند کە ئەردۆغان بە مەبەستی کوشتنی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی پارە و چەک بۆ گرووپە تێرۆریستییەکانی حەماس دابین دەکات.

بە وتەی کاتز، دەزگای ئەمنییەت و ئیتلاعاتی ناوخۆی ئیسرائیل، ئەندامانی گرووپێکی تێرۆریستیی حەماسیان دەسبەسەر کردووە کە فەرماندەیی حەماس لە تورکیەوە فەرمانیان پێ دەدات.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند ئەو تێرۆریستانەی کە دەسبەسەر کراون، مەشق و ڕاهێنانی سەربازی و چەک و هەزاران دۆلاریان پێ بووە و له نێوخۆی ئیسرائیل خەریکی داڕشتن و ئامادەکاری بۆ هێرشێکی تێرۆریستی بوون.

هەروەها یسرائیل کاتز ڕایگەیاند کە ئەردۆغان بە هۆی ئایدۆلۆژیای توندڕەو و دژە جوولەکەییەکەی، تورکیە دەکاتە وڵاتێک کە پشتیوانی لە تیرۆر دەکات و لە "میحوەری شرارەت" بە ڕێبەرایەتیی ڕێژیم ئیسلامی ئێران نزیکی دەکاتەوە.

شایانی باسە کە تورکیە تا ئێستادا هیچ کاردانەوەیەکی بەم هەواڵە نیشان نەداوە.

ئەردۆغان هەمیشە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سەرکردەکانی گرووپی حەماس هەبووە و چەندین جار لە تورکیە میوانداریی کردوون، و لەم دواییانەدا لە وڵامی چڕبوونەوەی ئەگەری شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، پشتیوانی خۆی بۆ لوبنان ڕاگەیاند و داوای لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کرد هەڵوێستێکی هاوشێوە بگرنەبەر.