کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بایدێن لە ڕکابەرییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئەمریکا کشایەوە

17:13 - 1 گەلاوێژ 2724

جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا لە بەیاننەمەیەکدا ڕایگەیاند کە لە ڕکابەری بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆککۆماریی ئەمریکا، دەکشێتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی پووشپەڕ جۆ بایدێن لە بەیاننامەیەکدا کشانەوەی خۆی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی ڕاگەیاند و داوای لە دێموکراتەکان کرد کە کامێلا هەریس وەک جێگرەوەی ئەو بۆ هەڵبژاردنەکان دیاری بکەن.

کشانەوەی بایدێن پاش ئەوە بوو کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە دوای دیبەیتێکی هەڵبژاردنەکاندا لە نێوان بایدێن و ترامپ ڕەخنەیەکی زۆر بەرەوڕووی بایدێن بوویەوە و دێموکراتەکان گوشارێکی زۆریان بۆ بایدێن هێنا کە لە ڕکابەریی هەڵبژاردنەکان بکشێتەوە.

لە ڕۆژانی داهاتوودا دێموکراتەکان کەسێکی دیکە لە جیاتی بایدێن بۆ بەربژێربوون دیاری دەکەن کە وێدەچێت ئەو کەسە کامێلا هەریس جێگری ئێستەی جۆ بایدێن بێت.

بایدێن پاش کشانەوەی خۆی بە دانانی وێنەیەکی خۆی و هەریس پشتیوانیی لە بەربژێربوونی کامێلا هەریس کرد و داوایشی کرد هاوحیزبییەکانی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئەمریکا پشتیوانیی لێ بکەن.

کشانەوەی بایدێن لە بەربژێربوونی بۆ سەرۆککۆماری کاردانەوەی دێموکراتەکانی لێ کەوتەوە و لەم پێوەندییەدا چاک شوومێر ڕێبەری دێموکراتەکان لە مەجلیسی سەنای ئەمریکا پشتیوانیی لە بڕیارەکەی بایدێن کرد و سەرۆککۆماری ئەمریکای وەک کەسێکی نیشتمانپەروەر و ئەمریکاییەکی باش، لە قەڵەم دا.

شوومێر ڕایگەیاند کە جۆ بایدێن نە تەنیا سەرۆککۆمارێکی گەورە بوو بەڵکوو ڕێبەرێکی یاسادانەری بەهێز و مرۆڤێکی تایبەتیش بوو.

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە کاردانەوە بەم بڕیارە داوای کرد کە بایدێن بە زووترین کات دەست لەکار بکشێتەوە.

جەیمز مایک جانسۆن لەم پێوەندییەدا و لە هەژماری ئیکسی خۆیدا نووسی: "ئەگەر جۆ بایدێن بۆ بەربژێربوونی سەرۆککۆماریی داهاتوو کەسێکی گونجاو نییە، ئەوە بۆ خزمەتکردن وەک سەرۆککۆماریش لە ئێستادا گونجاو نییە و دەبێت بە زووترین کات دەست لەکار بکشێتەوە".