کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژیانی شەریفە محەممەدی زیندانیی سیاسی لە مەترسیدایە

17:19 - 1 گەلاوێژ 2724

کەمپەینی "بەرگری لە شەریفە محەممەدی" بە پشتبەستن بە پێنج سەرچاوەی باوەڕپێکراو بڵاوی کردەوە، تیمێکی ئەشکەنجە و لێپرسینەوەی پێشکەوتوو ڕەوانەی زیندانی لاکان لە ڕەشت کراوە کە ئەم زیندانییە سیاسییەی کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ لە دژی خۆی بکرێ و هۆشداریش دراوە کە ژیانی ئیستا لە مەترسیدایە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا تیمێکی لێکۆڵینەوەی سێ کەسی لە بەرپرسانی باڵای وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تارانەوە چوونەتە ڕەشت و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک شەریفە محەممەدیان خستووەتە ژێر ئەشکەنجەی دەروونی و لێپرسینەوە و هەڕەشە و بێڕێزیکردن بۆ ئەوەی لە دژی خۆی و چالاکییەکانی و ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکاری قسە بکات و دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەربگیرێ.

هەروەها پێنج سەرچاوەی باوەڕپێکراو کە هەموویان لە بنەماڵەی زیندانییانی زیندانی لاکانی ڕەشتن، ئەم هەواڵەیان پشتڕاست کردەوە و کەسوکاری شەریفەیان ئاگادار کردووەتەوە کە ژیانی کچەکەین لە مەترسیدایە.

هەروەها ئەوە هەڵمەتەی کە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی شەریفە محەممەدی، چالاکوانی مەدەنی کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، وەگەڕ خراوە و لە سۆشیال میدیادا چالاکە، هۆشداری داوە کە "ژیانی شەریفە لە مەترسییەکی جددیدایە.

لە لایەکی دیکەوە بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دوابەدوای دروستبوونی شەپۆلی جیهانی بۆ پشتیوانی لە شەریفە محەممەدی، بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بوون و هەر بەو هۆیەشەوە چوونەتە لای شەریفە محەممەدی لە زیندانی لاکان بۆ ئەوەی ناچاری بکەن تا لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدا هاوکاریان بکات.

لە حاڵێکدا کە دۆسییەی شەریف محەممەدی دوای دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان لە دادگای سەرەتاییەوە بۆ دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی نێردراوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان ئەو دادوەرەی سزای لەسێدارەدانی بە سەر ناوبراودا سەپاندووە جەخت لە جێبەجێکردنی ئەو سزایە دەکات و هەروەها داوی کردووە کە دەبێ گوێڕایەڵی ویست و داواکانی وەزارەتی ئیتلاعات بێ و بە دانپێدانانی زۆرەملێ بە جیهان نیشان بدات کە ئەو سزایەی بەسەردا سەپاوە دادپەروەرانە بووە.

 

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران شەریفە ناچار بە نووسینی بابەتگەڵیک دەکەن کە ئەو تۆمەتە درۆیانەی کە بەسەریدا سەپاوە قەبووڵ بکات و بە گرتنی ڤیدیۆ و بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێ لە دژی ناوبراو دەیانهەوێ بە ناردنی ئەو دانپێدانانە بۆ بەرپرس و دەزگا دادوەرییە نێونەتەویەکان ئیدعای ئەوە بکەن کە ئەو سزایەی بەسەر شەریفەدا سەپاوە  سزایەکی ڕەوایە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، شەریفە محەممەدی سەرەڕای ئازار و گوشار و هەڕەشە و ئەشکەنجەدان، پێداگری لەسەر بێبنەمابوونی ئەو تۆمەتانە دەکات و جەخت لە یاساییبوون و ڕێگەپێدراوبوونی چالاکییە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانی دەکات و تەسلیمی ویستی لێکۆڵەرەکانی نەبووە و هەروەها ڕایگەیاندووە کە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ گرووپی سیاسیدا نەبووە چ بگات بە گرووپی چەکداری.

کەمپەینی پشتیوانی لە شەریفە محەممەدی داوای لە "هەموو دامودەزگا و ڕێکخراوەکان لە سەرانسەری جیهان کردووە کە بۆ ئازادکردنی ئەم زیندانییە سیاسییە و ڕزگارکردنی ژیانی، دەستبەجێ ڕێوشوێنی تایبەت بگرنەبەر چونکە بە وتەی ئەندامانی ئەم کەمپەینە، ڕێژیمی ئێران بەتەمایە تەنانەت پێش بڕیاری دادگای باڵا، بەرخۆدانی ئەم زیندانییە سیاسییەی بشکێنێ یان بە گوشاری دەروونی و جەستەیی ناوبراو لەناو ببات.