کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی باوکی پێشمەرگەیەکی کوردستان لە سنە

17:33 - 1 گەلاوێژ 2724

بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، کاک گوڵمحەممەد گەنجیزادە باوکی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سنە بەهۆی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجەی ئێسک لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

کاک گوڵمحەممەد گەنجیزادە، کوڕی وەیسە خەڵکی گوندی ''دێ ڕەقە'' سەر بە ناوچەی حوسێناوای سنە بووە کە لەنێو خەڵکدا وەک کەسێکی خۆشناو و دڵسۆز ناسرابوو.

کوڕێکی ناوبراو بەناوی کیانووش گەنجیزادە لە ساڵی ١٣٩٧ـەوە لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا خزمەت بە گەل و نیشتمانەکەی دەکات.

کاک گوڵمحەممەد لە ساڵەکانی ٧٠ی هەتاویدا کە پێشمەرگەکانی هێزی شەریفزادە لە ناوچەکە دەبن یارمەتیدەری پێشمەرگە بووە کە هەر بەو هۆیەوە چەندین جار لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر دەکرێ و ئەشکەنجە و ئازار دەدرێت.

تەرمی کاک گوڵمحەممەد ئەمڕۆ دووشەممە ١ی گەلاوێژ لەنێو ئاپۆڕای خەڵکدا لە گوندی "دێ ڕەقە" بە خاکی کوردستان ئەسپێردرا.

 ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.