کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایەک بەهۆی ناڕەزایەتیدەربڕین بە ژەهراویکردنی قوتابییان سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا

11:04 - 2 گەلاوێژ 2724

محەممەد حەبیبی، مامۆستا و وتەبێژی یەکیەتیی مامۆستایانی تاران، بەهۆی ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە ژەهراویکردنی زنجیرەیی قوتابییانی کچ لە ئێران، سزای بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

ڕۆژی دووشەممە ١ی گەلاوێژ، حەبیبی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "لە دۆسییەیەکدا کە لە دژی ژەهراویکردنی زنجیرەیی قوتابییان تۆمار کرابوو، سزای شەش مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانم بەسەردا سەپێندرا".

ناوبراو جەختی کردەوە: "وەک لە دادگادا وتم داکۆکیکردن لە مافی قوتابییان یەکێکە لە ئەرکە سەرەکییەکانی هەموو چالاکوانێکی سێنفیی مامۆستایان".

بەپێی ڕاپۆرتەکان، لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شەهریار، ئەو چالاکە سێنفییەی کە لە زستانی ساڵی ١٤٠١ و بەهاری ١٤٠٢دا لەهەمبەر ژەهراویکردنی زنجیرەیی قوتابییان لە ئێران ناڕەزایەتی دەربڕیبوو بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کردووە و سزای زیندانی بەسەردا سەپاندووە.

محەممەد حەبیبی وتوویەتی: "جێگەی شەرم و داخە کە دوای زیاتر لە ساڵێک بەسەر ژەهراویکردنی قوتابییان، هیچ ڕێوشوێنێک نەگیراوەتەبەر و تەنیا بۆ ئەو چالاکوانانەی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، دۆسییە پێک هاتووە و سزای جۆراوجۆر یەک لەوان زیندانیکردنیان بۆ دەر کراوە.

چڕکردنەوەی گوشارەکان بۆ سەر مامۆستایان و فەرهەنگییان لە کاتێکدایە دەیان مامۆستا لە ساڵی ڕابردووە بانگ و دەسبەسەر کراون و ژمارەیەکیش بەهۆی چالاکیی سێنفییەوە بەند کراون.