کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جاوید ڕەحمان لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە کۆمەڵکوژ لە قەڵەم دا

11:21 - 2 گەلاوێژ 2724

جاوید ڕەحمان ڕیپۆرتەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ لە ئێران، لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسیی دەیەی ٦٠ی هەتاوی و بەهاییەکان و سەرکوتی کوردەکانی وەک تاوان بە دژی مرۆڤایەتی لە قەڵەم دا و داوای کرد کە لێکۆڵینەوەیەکی نێونەتەوەیی لە سەر ئەم بابەتە ئەنجام بدرێت.

جاوید ڕەحمان لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی دووشەممە ١ی گەلاوێژ بڵاوی کردووەتەوە باسی لە هەڵسوکەوتەکانی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر هاووڵاتییانی ناڕازی و دژبەری ڕێژیم کردووە کە لە ساڵەکانی ١٣٦٠ و ١٣٦٧ی هەتاوی بەدەستی کۆماری ئیسلامی کۆمەڵکوژ کراون.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، بەپێی بەڵگەنامە و مژارگەلی جۆراوجۆر دەردەکەوێت کە کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاریەوە کەمپەینی دوژمنایەتی لەگەڵ بەهاییەکانی بە مەبەستی کۆمەڵکوژی و لەنێوبردنیان ڕێک خستووە کە تا ئەمڕۆیش ئەم کەمپەینە هەر بەردەوامە.

ڕەحمان لە درێژەدا سێدارە سەروو یاسایی و بێبنەماکانی بەندکراوانی سیاسی و هەروەها ئەشکەنجە و بێسەروشوێنکردنی دژبەرانی بە نموونەی تاوان بە دژی مرۆڤایەتی لە قەلەم دا.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، ژمارەیەک ژن لە لیستەی لەسێدارەدراوەکاندان بوونە کە پێش لەسێدارەدانیان دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەریان و هەروەها بەشێکی زۆری دیکەیش منداڵ بوون کە ڕێژیم لە سێدارەی داون.

ڕیپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە دەیەی ٦٠دا کە لە هەموو ناوچەکانی ئێران ئەنجام دراوە، بە خراپترین و بەرچاوترین نموونەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ زانی کە لەلایەن کاربەدەستانی باڵای وڵاتێکەوە ئەنجام دراوە.

ڕەحمان زیادی کردووە کە ڕێژیمی ئێران و ڕێبەرەکانی نابێت لە بەرەنجامی تاوانەکانیان بە دژی مرۆڤایەتی و کۆمەڵکوژی، خۆ دەرباز کەن.

ناوبراو باسی لەوەش کردووە کە لە گەرمەی سەرکوتی گرووپە دژبەرە ئیسلامییەکان، مارکسیستەکان و ئاتێئیستەکان کەوتوونەتە بەر ئامانجی کۆمەڵکوژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

شایانی باسە جاوید ڕەحمان کە وەک ڕاپۆرتنێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چوارچێوەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران کار دەکات لە ڕۆژانی داهاتوودا جێگەی خۆی ئەداتە مای ساتۆی ژاپۆنی.

ڕێژیمی تاران لە ماوەی ئەم ٦ ساڵەدا بە بیانووی نەبوونی بێلایەنی هیچ کات ڕێگەی بە ڕەحمان نەدا کە سەردانی ئێران بکات.