کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی ٣٤ چالاکی سیاسی و مەدەنی لە مانگی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاویدا

11:42 - 2 گەلاوێژ 2724

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان '' خۆڕاگری'' ڕاپۆرتێکی ئاماریی بڵاوی کردووەتەوە کە لە ماوەی مانگی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاویدا ٣٤ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەسبەسەر کراون.

بەپێی ئەو ئامارە لە یەک مانگی ڕابردوودا، ٣٤ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکیی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە بەشێک لە دەسبەسەرکراوان دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان و چارەنووسیان ناڕوونە.

هەروەها بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ''خۆڕاگری'' لە مانگی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاویدا، ١٢ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون و لێکۆڵینەوەیان لێ کراوە، لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کەیسەکانیان یەکلایی کراوەتەوە و سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

بە شێوەیەکی گشتی ئەو سزادراوانە لە سەر یەک بە ١٥ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی تەعزیری و ٧٤ قامچی مەحکووم کراون.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە ''ئیدریس ئاڵی” خەڵکی سەردەشت کە پیشەی کۆڵبەرییە، بە تۆمەتی سیخوری بۆ ئیسرائیل، حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندراوە.