کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە هەر خولەکێکدا کەسێک بە نەخۆشیی ئەیدز گیان لەدەست دەدات

12:18 - 2 گەلاوێژ 2724

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ڕایگەیاند، ژمارەی  تووشبووان بە ڤایرۆسی ''ئیچ ئای ڤی'' لە ساڵی ٢٠٢٣دا نزیکەی ٤٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا بووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کە ڕۆژی دووشەممە ١ی گەلاوێژ بڵاو کراوەتەوە، زیاتر لە ٩ میلیۆن لەو کەسانە هیچ چارەسەرێکیان وەرنەگرتووە، لە ئەنجامدا لە هەر خولەکێکدا کەسێک بەهۆی نەخۆشییە پەیوەندیدارەکانی ئەیدزەوە گیانی لەدەست داوە.

ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا نزیکەی ٦٣٠ هەزار کەس بەهۆی نەخۆشییەکانی پەیوەست بە ئەیدزەوە گیانیان لەدەست داوە، کە ئەمەش کەمبوونەوەیەکی بەرچاوە لەچاو ئەو ٢.١ ملیۆن کەسەی لە ساڵی ٢٠٠٤دا بەهۆی نەخۆشییەکە گیانیان لەدەست داوە.

سەرکردەکانی جیهان بەڵێنیان دابوو تا ساڵی ٢٠٢٥ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئەیدز بۆ کەمتر لە ٣٧٠ هەزار کەس کەم بکەنەوە بەڵام ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکات کە ژمارەی تووشبووانی نوێ زیاتر لە سێ هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە ١.٣ ملیۆن کەس لە ساڵی ٢٠٢٣دا.