کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەترسییەکانی ژیری دەستکرد لە کەڵکاژۆوەرگرتنی جینسی لە منداڵان پەرەی سەندووە

12:41 - 2 گەلاوێژ 2724

یۆرۆپۆل لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە زیادبوونی ڕۆڵی ژیری دەستکرد لە تاوانە ئینتێرنێتییەکانی وەک کەڵکاژۆوەرگرتنی ڕەگەزی لە منداڵان کردووە و سەبارەت بەم دیاردەیە هۆشداریی دا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی پۆلیسی ئورووپا تاوانە ئینتێرنێتییەکان لەم وشکارۆیەدا زۆرتر لە چوارچێوەی هێرشە سایبێرییەکان، چەوساندنەوەی ڕەگەزیی منداڵان و فرتوفێڵی داراییدایە.

یۆرۆپۆل لە بەشێکی ئەم ڕاپۆرتە ٣٧ لاپەڕەییەدا ڕایگەیاندووە کە تاوانباران لە ژیری دەستکرد کەڵک وەردەگرن تاکوو مژار و بابەتی پێوەندیدار لەگەڵ کەڵکاژۆوەرگرتنی ڕەگەزی لە منداڵان دروست بکەن.

ئەم ئاژانسە زیادیشی کردووە کە لە داهاتوودا ئەم جۆرە تاوانانە بە پێشکەوتنی زیاتری ژیری دەستکرد پەرە دەستێنێت.

ڕاپۆرتەکە شی دەکاتەوە کە تەنانەت ئەگەر بابەتی دروستکراو هیچ پێوەندییەکی بە کەسێکی ڕاستەقینەوە نەبێت دیسان مژاری پێوەندیدار بە کەڵکاژۆوەرگرتنی ڕەگەزی لە منداڵان پەرە بە سێکسیکردنی منداڵان ئەدات.

بە وتەی توێژەرانی یۆرۆپۆل، دیپ فەیک یان دروستکردنی وێنە، دەنگ و ڤیدیۆی ساختەیی لە ڕێگەی ژیری دەستکردەوە یەکێکە لەو شێوازانەی کە زۆربەی تاوانباران کەڵکی لێ وەردەگرن.

ئەوەی کە لە ئێستادا مەترسییەکان لەم بواردەدا زیاتر دەکات، گەشەکردنی ژیری دەستکرد لە داهاتوودایە بە شێوەیەک کە ئیتر هەڵسەنگاندن و لێک جیاکردنەوەی نێوڕۆکە ساختەییەکان لەگەڵ نێوەڕۆکە ڕاستییەکان ئەستەمتر و تەنانەت مەحاڵیش دەبێت.