کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسێدارەدرانی ٣١ بەندکراو لە سەرتاسەری ئێران لە پووشپەرێ ئەمساڵدا

17:03 - 2 گەلاوێژ 2724

هەواڵدەریی هیڕانا لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران ڕایگەیاند کە لە پووشپەڕێ ئەمساڵدا، ٣١ بەندکراو لە بەندیخانە جیاوازەکانی کۆماری ئیسلامیدا لە سێدارە دراون.

لەم ڕاپۆرتەدا هێرانا باسی لە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا لە ماوەی مانگی پووشپەڕدا کردووە کە ٣١ حاڵەتی لەسێدارەدان، ٢٦ حاڵەتی جێبەجێکردنی سزا، ١٥ حاڵەتی سزادران و یەک حاڵەتی پشتڕاستکردنەوەی سزا لەخۆ دەگرێت.

دەرچوونی سزای لەسێدارەدران بۆ شەریفە محەممەدی، چالاکی کرێکاری بە تۆمەتی "بەغی" لەو حاڵەتانەیە کە کاردانەوەی نەرێنیی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی بە دواوە بووە.

هێرانا باسی لە ٨١ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی بەندکراوان لەوانە ٧ حاڵەت ناڕوونیی چارەنووسی دەسبەسەرکراوان، ٦٤ حاڵەت ناڕوونیی دۆخ، ٨ حاڵەت دەسپێڕانەگەیشتن بە پارێزەر، ٨ حاڵەت مانگرتن لە خواردن، ٢١ حاڵەت گوشار خستنە سەر بەندکراوان، ٧ حاڵەت قەدەغەکردنی چاوپێکەوتن، ١٩ حاڵەت پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و ١٠ حاڵەت مورەخەسیی دەرمانی کردووە.

هەروەها لەم بڕگە زەمەنییەدا، ٨١ حاڵەتی پێشێلکردنی ئازادیی ڕادەبڕین لەوانە ١٤٠ حاڵەتی دەسبەسەرکران، دەرکرانی سزای ٣ هەزار و ٦٨٧ مانگ دەسبەسەرکران، ٢١٦ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی و ٥ هەزار و ١٤٦ قامچی بۆ ٦١ هاووڵاتی، ١٦ حاڵەتی جێبەجێكرانی سزا، ١٢٢ حاڵەت بانگکران بۆ ناوەندە دادوەرییەکان و سزادانی ٣٢ کەس تۆمار کراوە.

لەم حاڵەتانە دەکرێ ئاماژە بە بانگکران و لێپرسینەوە لە "حەسەن دەرئوفتادە" و "ماردین دەرئوفتادە" باوک و برای شەهید کۆمار دەرئوفتادە لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە پیرانشار بکرێ.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە پاش بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ڕێژیم، ١١٣ کەس دەسبەسەر و ١٠٠ کەس بانگ کراون، ٤ هەزار و ٥٠٠ لاپەڕەی ئینستاگرامی داخراون و دۆسییە بۆ دوو کاناڵی تێلێگرامی کراوەتەوە.