کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەکارهێنانی دەرمانی ئانتی بیووتیک لە سەرانسەری ئێران ١٠٪ لە ڕێژەی گشتیی جیهان زۆرترە

17:20 - 2 گەلاوێژ 2724

ڕۆژی دووشەممە ١ی گەلاوێژ ئازیتا نەبی زادە، سەرۆکی گرووپی هەڵسەنگاندنی تەکنۆلۆژیای تەندروستیی ڕێکخراوی خۆراک و دەرمان لە ئێران ڕایگەیاند کە بەکارهێنانی دەرمانی ئانتی بیووتیک لە ئێران بە ڕێژەی ١٠٪ لە تێکڕای بەکارهێنانی جیهانی زۆرترە.

 

هەروەها ناوبراو باسی لەوە کردووە لە کاتێکدا کە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی پێشنیاری ئەوە دەکات کە زۆرترین ڕێژەی بەکارهێنانی دەرمانی ئانتی بیووتیک لە بەڵگە دەرمانییەکاندا دەبێ بە ڕێژەی ٣٠٪؜ بێ، بەڵام لە ئێراندا لە هەر بەڵگەیەکی دەرمانیدا بە ڕێژەی ٤٠٪ کەڵک لەو دەرمانە وەردەگیردرێ کە ١٠ ٪ لە ڕێژەی جیهانی زۆرترە.

 

هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژنامەی هەمشەهری لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە زۆر بەکارهێنانی دەرمانی ئانتی بیووتیک لە ئێراندا کرد و بڵاوی کردەوە کە ئێرانییەکان ساڵانە ٦٠ میلیۆن ئانتی بیووتیک بەکار دەهێنن.

 

لەلایەکی دیکەوە کۆمیتەی بەکارهێنانی ستانداردی دەرمانەکان لە ئێراندا، لەم بارەیەوە ڕایگەیاند کە ئێران ١٦٪ زیاتر له‌ ستانداردی جیهانی، دەرمانی ئانتی بیووتیک بەکار دەهێنێ.

 

چەندین ساڵ پێش ئێستاش ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لە ئێراندا ڕۆژانە ٣٨.٧٨ دۆزی دەرمانی ئانتی بیووتیک بۆ هەزار کەس بەکار دەهێنرێت و ئێران لە بەکارهێنانی دەرمانی ئانتی بیووتیک دووهەمین وڵاتە.

 

کەڵکوەرگرتن لە ئانتی بیووتیکەکان بە شێوەیەکی زۆر و ناستاندارد دەبێتە هۆی لەناوچوونی باکتریا بەسوودەکانی لەش و هەروەها کەمبوونەوەی بەرگریی لەش و درووستبوونی چەندین نەخۆشیی دیکە لە لەشدا.