کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی پچڕانی ئاو لە گوندەکانی دەڕەشار

10:46 - 3 گەلاوێژ 2724

هاوکات لەگەڵ وەرزی گەرما و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەکار‌هێنانی ئاو، زۆربەی گوندەکانی شارەکانی "دەڕەشار" لە پارێزگای ئیلام، لەگەڵ کەمیی ئاو و پچڕانی بەردەوامی ئاو بەرەوڕوو بوونەتەوە کە ئەمە ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی بەدواوە بووە.

هەواڵدەریی دەنگوڕەنگی ڕێژیم لە ئیلام بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک باسی لەوە کردووە کە زیاتر لە سێ ساڵ لە دروستکردنی خەزێنەی ئاوی گوندی "عەباس ئاباد" سەر بە دەڕەشار تێدەپەڕێت بەڵام پەیمانکارەکە پڕۆژەکەی بەجێ هێشتووە کە ئەمە خەڵكی ئەم گوندەی لەگەڵ قەیرانی نەبوونی ئاو بەرەوڕوو کردووەتەوە.

دێهیاری گوندی "عەباس ئاباد" لەمبارەوە وتوویەتی کە ئەم گوندە ٥٠٠ بنەماڵەی تێدا دەژین و نزیکەی ٢٠٠٠ کەس حەشیمەتی هەیە کە لەم ڕێژەیە، نزیکەی ٤٠ لەسەدیان لەگەڵ کێشەی کەمیی ئاوی خواردنەوە بەرەوڕوون.

هەروەها گوندی "قەڵا تەسمە"ی ئەم شارەش لەگەڵ کەمیی ئاو بەرەوڕوویە و زیاتر لە ٥٠ لەسەدی بنەماڵەکان، کێشەی پچڕانی ئاویان هەیە.

دابەزینی تەوژمی ئاو و پچڕانی بەردەوامی ئاو لەم گوندانە سەرەڕای هەبوونی ڕووباری "سیکان" و "سەراو" لەم ناوچەیە، بە هۆی ناکارابوونی گەلاڵەی ڕاگواستنی ئاو لە "کۆگەی سیکان" ڕاگەیەندراوە.

هووشەنگ تاهیری، فەرمانداری شاری "دەڕەشار" سەرەڕای گەرمای زۆر و دۆخی نالەباری خەڵک بە هۆی کەمیی ئاوی خواردنەوەی خاوێن، باسی لە کۆتاییهاتنی پرۆژەی ڕاگواستنی ئاوی "کۆگەی سیکان" تا مانگێکی دیکە کردووە.

کێشەی بێ ئاوی لە کاتی گەرمادا، ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی لێ کەوتووەتەوە و خەڵكی ناڕازیی گوندەکانی ئەم ناوچەیە وێڕای ڕەخنەگرن لە ناکارامەیی بەرپرسانی ڕێژیم، ڕایانگەیاندووە کە دە ساڵە بەڵێنی لێکۆڵینەوە و پێڕاگەیشتن و چارەسەرکردنیان داوە بەڵام تاکوو ئێستا باسی لێ نەکراوە و  ئاوی خواردنەوەی پێویستی ئەوان ناسالم و بەدوور لە ستانداردە تەندروستییەکانە.