کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی باڵای بریتانیا: دەبێ بۆ شەڕ لەگەڵ ئێران، ڕووسیە، چین و کۆرەی باکوور ئامادە بین

11:00 - 3 گەلاوێژ 2724

ڕۆڵی واکێر، بەرپرسی نوێی ستادی هێزەکانی بریتانیا، ''کۆماری ئیسلامی، ڕووسیە، چین و کۆرەی باکوور''ی بە "میحوەری نائارامی" ناو برد و وتی پێویستە بریتانیا لە سێ ساڵی داهاتوودا خۆی بۆ شەڕ لەگەڵ ئەو وڵاتانە ئامادە بکات.

ڕۆژی سێشەممە ٢ی گەلاوێژ، ڕۆڵی واکێر بە ئاماژەدان بە هەوڵی ڕێژیمی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی، شەڕخوازیی ڕووسیە لە ئۆکراین، ئەگەری هێرشی چین بۆ سەر تایوان و هەڕەشەکانی کۆرەی باکوور، هۆشداری دا کە ئەو وڵاتانە لەگەڵ پەرەپێدانی پێوەندییەکانیان لە بوارە جیاجیاکاندا چەک و تێکنۆلۆژی ئاڵوگۆڕ دەکەن.

ئەم قسانە لەحاڵێکدایە کە ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕێکەوتی ٢٩ی پووشپەڕ ڕایگەیاندبوو کە پێدەچێت کۆماری ئیسلامی یەک یان دوو حەوتووی دیکە دەستی بە ماددەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی ڕابگات.

بەرپرسی ستادی هێزەکانی بریتانیا لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە لێکنزیکبوونەوەی کۆماری ئیسلامی، ڕووسیە، چین و کۆرەی باکوور دەتوانێت تا ساڵی ٢٠٢٧ یان ٢٠٢٨ بگاتە قۆناغێکی گرینگ و چیتر ناتوانرێت تەنیا لەگەڵ یەکێک لەو وڵاتانە بەرەنگاری بکرێت.

پێشتریش پۆلیسی بریتانیا لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٢دا ڕایگەیاندبوو کە یەکەیەکی نوێیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی، چین و ڕووسیە پێک هێناوە.

پێشتریش چەندین ڕاپۆرت سەبارەت بە بڕیاری حیزبی کرێکاری بریتانیا بۆ ئەوە کە ناوی سپای پاسداران بخرێتە نێو لیستی گرووپە تیرۆریستییەکاندا بڵاو کرابووەوە.

واکێر لە درێژەی قسەکانیدا وتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسییانەی کە هەن، پێویستە ئەرتەشی ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی ڕێگری لە شەڕەکانی داهاتوو بکات، دەستبەجێ هێزی بەرگێڕەوەی خۆی ببوژێنێتەوە.

لەو پێوەندییەدا ڕۆژی ٢٥ی پووشپەڕ، حەفتەنامەی ئیشپیگێڵ ڕایگەیاند، بەڵگەنامەیەکی نهێنیی دەست کەوتووە کە دەریدەخات ئەڵمان پلان و ئامادەکاریی پێویست بۆ جێگیرکردنی سەدان هەزار سەرباز لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بۆ ئەگەری ڕوودانی شەڕ لەگەڵ ڕووسیەی لەبەر دەستە.