کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵاوسان لە ئێران؛ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرزترین ڕێژەی هەڵاوسانی هەیە

11:21 - 3 گەلاوێژ 2724

ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران ئاماری دوایین ڕێژەی هەڵاوسانی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵی خستووەتەڕوو و وەک چاوەڕوان دەکرا نرخی هەڵاوسان لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ ڕێژەی گشتیی نرخی هەڵاوسان لە تەواوی ئێراندا بەرزترین ڕێژەی هەیە.

ناوەندی ئاماری ئێران ڕاپۆرتێکی لەبارەی پێوەرەکانی نرخی بەکارهێنان لە مانگی پووشپەڕدا بڵاو کردووەتەوە و بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ڕێژەی هەڵاوسانی مانگانەی مانگی پووشپەڕ بە بەراورد لەگەڵ مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ بە ڕێژەی ٢.٢٪ و بە بەراورد لەگەڵ مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ٣٢.٢٪ زیادی کردووە، هەروەها ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەش ئەمساڵ تا ئێستا ٣٥.٥٪ ڕاگەیەندراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە شارەکان ڕێژەی هەڵاوسانی مانگانە ٢.٢٪ و هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ ۳۲.۸ ٪و هەڵاوسانی ساڵانە ۳۵.۸٪ ڕاگەیەندراوە.

لە گوندەکانیش هەڵاوسانی مانگانە ١.٨٪ و هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ ۳۲.۸٪ و هەڵاوسانی ساڵانە ۳۳.۶٪ ڕاگەیەندراوە.

لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا، هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی بنەماڵەکان ٣٢.٢٪ بووە، ئەمەش بەو مانایەیە کە بنەماڵەکان لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا بە بەراورد لەگەڵ مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ٣٢.٢٪ زیاتریان بۆ کڕینی و دابینکردنی کەلوپەل و پێویستیی ڕۆژانەیان خەرج کردووە.

لەلایەکی دیکەوە پارێزگاکانی ئێسفەهان بە ٤٠.٢٪، یەزد بە ٤٠.١٪ و سنە بە ٣٩.١٪ بەرزترین ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەیان هەیە.

هەروەها ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە پارێزگای ورمێ ٣٨.٥٪ و لە ئیلام ٣٨٪؜ و لە کرماشان ٣٧.٩٪؜ بووە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕێژەی هەڵاوسانی گشتیی ئێران ٣٥.٥٪؜ ـە، بەڵام ڕێژەی هەڵاوسان لە پارێزگاکانی کوردستان بەردەوام لە ڕێژەی گشتیی ئێران زیاترە.

سەرەڕای ئەوەی کە ئامارە ڕاگەیەندراوەکانی ڕێژیم ئاماژە بە دابەزینی ڕێژەی هەڵاوسان لە ئێراندا دەکەن، بەڵام شارەزایانی بواری ئابووری هەمیشە ئەو ئامارانە بە ناڕاستەقینە دەزانن و ڕایانگەیاندووە کە ڕێژەی هەڵاوسانی ڕاستەقینە لە ئێراندا بەرزترە لەو ئامارانەی کە ڕێژیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە .