کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم گەندەڵکارییە ئابوورییەکان دەشارێتەوە

11:47 - 3 گەلاوێژ 2724

مەحکوومییەتی جەواد ساداتی نژاد وەزیری پێشووی "جەهادی کشاوەرزی" لە دۆسییەی خۆراک و پێداویستییەکانی ئاژەڵ یەکلایی کراوەتەوە بەڵام دەزگای دادوەریی ڕێژیم تاکوو ئێستا مەحکوومییەتی بۆ ساداتی نژاد لە دۆسییەی چای دێبشدا دەرنەکردووە.

ئەسغەر جەهانگیر وتەبێژی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم ڕۆژی سێشەممە ٢ی گەلاوێژ لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە دۆسییەکانی وەزیری پێشووی "جەهادی کشاوەرزی" ڕایگەیاند "ناوبراو لە دۆسییەی خۆراک و پێداویستییەکانی ئاژەڵ مەحکووم بووە بەڵام لە دۆسییەی چای دێبشدا تەنیا بانگ کراوە و پاش ڕوونکردنەوەی تۆمەتەکان، بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە".

ئازادبوونی جەواد ساداتی نژاد لەکاتێکدایە کە ناوبراو یەکێک لە گەورەترین گەندەڵە ئابوورییەکانی مێژووی کۆماری ئیسلامییە و دوو دۆسییەی دادوەریی بۆ کراوەتەوە کە لە یەکێکیاندا ١.١٧ هەزار میلیارد تمەن و لە یەکی دیکەشیاندا ١٤٠ هەزار میلیارد تمەن گەندەڵیی کردووە.

وەزیری پێشووی دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسی لە گرێبەست لەگەڵ شیرکەتی "ئاریۆ تجارەتی سۆهەیل" بڕیاری دابوو کە ١٨.٣ میلیۆن تۆن خۆراک و پێداویستییەکانی ئاژەڵ هاوردە بکات.

ئەمە لەکاتێکدا بوو کە شیرکەتی ئاماژەپێکراو هیچ پێشینەیەکی لە بواری هاوردەکردنی خۆراکی ئاژەڵدا نەبووە و تەنیا بە پێداگریی ساداتی نژاد ئەم گرێبەستە ئەنجام بووە.

جیا لەمانە جەواد ساداتی نژاد فەرمانی داوە کە ئەو خۆراک و پێداویستییانەی کە لەلایەن شیرکەتی ئاریۆ تجارەتەوە هاوردە نەکراوە بە خەڵک بفرۆشرێت و لە ئاکامدا یەک هەزار و ١٧١ میلیارد تمەن پارە لە خەڵکیش وەرگیراوە.

ساداتی نژاد لەلایەن دەزگای بەناودادوەریی ڕێژیمەوە بە ماوەی ٣ ساڵ بەندکران مەحکووم کرا بەڵام تاکوو ئێستا حوکمەکەشی نەچووەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

ناوبراو لەکاتێکدا کە وەک وەزیری "جەهادی کەشاوەرزی" لەلایەن ئیبراهیم ڕەئیسییەوە دیاری کرابوو هەر لە یەکەم ڕۆژی کاریی خۆیدا ڕایگەیاندبوو کە دابینکردنی خۆراک و پێداویستییەکانی ئاژەڵ یەکەمین بابەت دەبێت کە وەزارتەکەی جێبەجێی دەکات.