کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی ڕێژیم لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری ناوچەی سەرشیوی سەقز تەقەیان لە چالاکانی ژینگەپارێزی کرد

12:08 - 3 گەلاوێژ 2724

هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تەقەیان لە چالاکانی ژینگەپارێزیی شاری سەقز کرد کە خەریکی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی "سەرشیو" بوون.

نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ١ی گەڵاوێژی ١٤٠٣، هێزەکانی سپای پاسداران لە بنکەی گوندی شیپانەجۆی سەقز، تەقەیان لە "شاخی بەختیار" کە یەکێک‌ لە شاخانەکانی دەوروبەری ئەو گوندەیە کرد.

هێزەکانی ڕێژیم لەکاتێکدا کە چالاکانی ژینگەپارێزی و ئەندامانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی "ژیانی سەوزی سەقز" لەو شاخە سەرقاڵی کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکە بوون بە چەکی قورس و دۆشکا ڕاستەوخۆ تەقەیان لەو جێگایە کردووە.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاو کراونەتەوە، هێزەکانی سپای پاسداران بە بێ گوێدانە بە بوونی چالاکانی ژینگەپارێز لەو شوێنە چەندین جار بە بەردەوامی تەقەیان لەو شوێنە کردووە.

شایانی باسە، شاخی بەختیار لە ناوچەی سەرشیوی سەقز، کاتژمێر ١٠ی بەیانیی هەمان ڕۆژ دوای تەقەی سەرەڕۆیانەی هێزەکانی سپای پاسداران ئاگری تێبەردرا و سووتێندرا.

لەم پێوەندیەدا ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی "ژیانی سەوزی سەقز" ڕایگەیاند، کاتژمێر ١٠ی بەیانی، ئاگادار کراینەوە کە ڕووبەرێکی بەرفراوان لە دارستان و لەوەڕگەی ناوچەی سەرشیو گڕی گرتووە و دەستبەجێ تیمێک لە ئەنجومەن و ژمارەیەک لە چالاکوانانی ژینگەپارێز بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە لەو شوێنە ئامادەبوون و دوای ٣ کاتژمێر توانیان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.