کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکی شەهیدێکی کوردستان لە سنە

12:43 - 3 گەلاوێژ 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۳ی گەلاوێژ، دایە کوبرا محەممەدپەنا، دایکی شەهید فەرشاد بابایی، لە تەمەنی ۷۹ ساڵیدا، بە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجە لە شاری سنە کۆچی دوایی کرد.

دایە کوبرا محەممەدپەنا لەدایکبووی ناوچەی گەڵواخیی لە سنەیە، ناوبراو کەسێکی نیشتمانپەروەر بووە و هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی ژنێکی وەفادار بە ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەی بوو.

شەهید فەرشاد بابایی کوڕی دایە کوبرا، وێڕای چەند پێشمەرگەی هێزی هەوشار، لە ڕێکەوتی ٨ی پووشپەڕی ۱۳٦٤ی هەتاوی، لە شەڕێکی قارەمانانەدا کە بە شەڕی سەرتەخت ناوبانگی دەرکردووە،  لە ناوچەی تەخت و باشماخی سەقز، شەهید بوون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.