کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنانی کورد شێلگیر لە خۆسەلماندندا

14:20 - 3 گەلاوێژ 2724

تاهیر قاسمی

لەنێو تاریکی و لە دڵی شەودا، ژنێکی لەچکە بەسەر لە پەنا درەختێکی گڕگرتوودا فرمێسک دەڕێژێ و ‏بانگەواز دەکا. بانگەواز بۆ بەهاناوە چوون و ڕزگارکردنی پاژێک لە لێڕەوارەکانی کوردستان کە خەریکە دەسووتێ و ‏دەبێ بە قەرەبرووت. ئەو تەنیا ژنی بەشدار لە هەڵمەتی خۆبەخشانەی کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە نییە. ئەوان کۆمەڵێک ‏لە کچان و ژنانی جوانڕۆن کە ئەگەرچی سەر بە کۆمەڵگەیەکی نەریتی و تا ڕادەیەک داخراون، بەڵام توانیویانە ‏زنجیرەکانی بنەماڵە، کۆمەڵگە و دەسەڵاتی داسەپاو لە دەست و پێی خۆیان داماڵن و شانبەشانی باوک و برای ‏ژینگەپارێز، بە هانای نیشتمانەوە بچن. ئەم دیمەنە، ڤیدیۆیەکی چەند ساڵ لەوە پێش بیر دەخاتەوە کە دایکێک لە ‏بۆکان ئەوەی لە دەستی هاتبوو بۆ هەڵمەتی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ بوومەلەرزەلێدراوانی ئەم ناوچەیەی هێنابوو کە ‏ئێستا لێڕەوارەکانی لە سووتان‌دان. دایکێک کە هۆن هۆن فرمێسکی بۆ بەختی ڕەشی کوردان هەڵدەوەراند و ‏بانگەوازی بەهاناوە چوونی دەدا...

ئەمانە تەنیا دوو نموونە لە بەشداریی بەرچاو و واتاداری ژنانی کوردن بۆ پارێزگاری لە گەل و لە نیشتمان کە ‏لەم ساڵانەی دواییدا بەردەوام لە پەرە ئەستاندن‌دایە. ئەوان لە ڕاستیدا ڕۆڵی پەرستار بۆ نیشتمانی دایک دەگێڕن کە ‏هەر ڕۆژەی لەلایەکەوە زام هەڵدەگرێ. ئەمانە نیشانەکانی گوڵکردنی ئەو هەستە نەتەوەیییەیە کە دەیان ساڵە ‏تێکۆشەرانی کورد بە خەباتی سیاسی و پێشمەرگانە، بە شێعر و نووسین، بە گوتار و شێوەگەلی تر هەوڵی بۆ دەدەن تا ‏کۆمەڵگەکەیان وشیار بکەنەوە و تێ‌بگەیەنن. نیشانەکانی قۆناغی ‏‏گوێزرانەوەی هەست بە نەست و سۆز بۆ تێگەیشتن ‏لە کۆمەڵگەدا. بەو واتایە کە ماکۆ برینی ئیلام تیمار دەکا و سنە هەوڵی هێورکردنەوەی ئەو برک و ژانە دەدا کە بەر ‏مەهاباد کەوتوە. لەم نێوەدا بەڵام ژنانی کورد ئەرکی قورستریشیان لە کۆڵ ناوە. هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی ‏مافەکانی خۆیان وەک ژن و هاوکات هەوڵدان بۆ خۆ سەلماندن و دوا نەکەوتن لە پیاوان لە خەباتی نەتەوایەتیدا. ‏ئەوان نیشان دەدەن کە نایانهەوێ چیدی لە ماڵدا لە ‏‏ژووری پشتەوە دانیشن، لە خەباتدا ڕۆڵی نانکەر و پشتی ‏جەبهەیان پێ بدرێ، لە حیزبدا وەک دیکۆر و جوانکاری بۆ ‏‏ڕاکێشانی سەرنجی پیاو بەکار ببردرێن یان لە ڕێکخراوێکی ‏ژنانەدا کۆ بکرێنەوە. گەرەکیانە نیشان بدەن کە لەو خەباتەدا دەتوانن ئەکتەر و ڕێبەری کۆمەڵگە بن و لە ‏‏ڕیزی ‏پێشەوەدا ڕۆڵ بگێڕن. ‏گەرەکیانە بیسەلمێنن کە لە ئاست بەرزبوونەوەی هەستی نیشتمانپەروەری و ڕزگاریخوازیی ‏نەتەوەیی لە کۆمەڵگەی کوردستان لەم چارەگە سەدەیەی سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا، بەپێچەوانەی سەدەی ‏بیستەم، لە پیاوان دوا نەکەوتوون. تەنانەت ڕۆڵی هاندەر و پێشەنگ و ڕێبەریش دەگێڕن. ئیدی ژنان لە پرسە ‏نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا نایانهەوێ چیدی سەیرکەر یان تەنیا یارمەتیدەر بن بەڵکو گەرەکیانە خۆیان ئەکتەر و ‏تەنانەت پێشەنگیش بن. ڕۆڵێک کە بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان دەستەبەریان کردوە. شۆڕشی ژینا دیارترین ‏دەرکەوتەی ئەو هاتنە مەیدانەی ژنانی کوردستان بوو. ‏

لە ڕاستیدا ئەوەی یەکەمجار دروشمی ژن ژیان ئازادیی لە گۆڕستانی قەڵایچیی سەقزەوە بەرز کردەوە و بە ‏گوێی تاران و سەرانسەری جیهانی گەیاند، ژنانی تێکۆشەری کورد خۆیان بوون. گەرچی حاشا لەوە ناکرێ کە پیاوانی ‏تێکۆشەر و یەکسانیخوازیش لەو پەرەگرتنەدا یارمەتیدەر بوون و زۆر زوو درووشمەکەیان بۆ ئەستاندنەوە بەڵام ئەوە ‏تەنیا داهێنانی ژنان لەو خەباتەدا نەبوو. لە درێژەی ئەم سەرهەڵدانە بەرینەدا ئەوان ئەگەرچی ڕەنگە بە ڕێژە کەمتر لە ‏پیاوان بووبن بەڵام گەلێک جار ڕۆڵی پێشەنگ و پێشڕەویان گێڕا. ئەم پێشەنگایەتییەش نەک هەر تەنیا بۆ بابەتی مافە ‏پێشێلکراوەکانی خۆیان وەک ژن بەڵکو زۆر زوو پەلی بۆ داکۆکی لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان هاویشت و لە ‏زۆر بواردا ڕچەشکێن بن. بۆ وێنە یەکەم جار ئاڵای کوردستان لەلایەن کچێکی خۆپێشاندەر لە سنە هەڵدرا، کچان بۆ ‏یەکەم جار لە بڵیندگۆی مزگەوتێکی مەهابادەوە بانگەوازی پەیوەستبوون بە خەبات و خۆپێشاندانەکانیان دا. ‏درووشمی ژن، ‏ژیان، ئازادی ئەگەر بۆ یەکەمجار لە زمان ژنانی سەقز و لەکاتی ناشتنی ژینادا کەوتە سەر زاران، لەلایەن ‏کچانی ‏قوتابخانەکانی مەهابادەوە ئاوێتەی پرسی بەگژداچوونەوەی خیانەت بە نەتەوە و نیشتمان کرا و لەگەڵ ‏درووشمی "جاش بەسسە ..." متوربە کرا. درووشمی "قاسملوو ڕێگات درێژەی ‏هەیە" پێش هەمووان لەلایەن ‏کچانی خوێندکاری پیرانشار بەرز کرایەوە و لەوێوە بوو بە یەکێک لە درووشمە سەرەکییەکانی شۆڕشی ژینا لە ‏کوردستان. ڕێگای ئەو ڕێبەرەی کە دەیگوت: "هەرچی ژنان لە بزووتنەوەی کوردستاندا زیاتر بەشدار بن، ‏بزووتنەوەکەش بەو ڕادەیە سەرکەوتووترە". ‏

‏ ‏  تابڵۆیەکی دیکەی شێوەی دەرکەوتن و خۆنیشاندانی ژنان لە بەشداری و بەڕێوەبردنی پرسە نەتەوەییەکان، ‏لە بۆنەکانی نەورۆزدا خۆی نیشان دەدا. لەو جێگایانەدا کە ژنان شانبەشانی پیاوان لە ئیلامەوە تا ماکۆ، لە هەموو ‏بەشەکانی ڕێوڕەسمەکان بەشداری و ڕۆڵی دیار و بەرچاویان هەیە. بەڵام لێرەدا دیاردەیەکی دیکەش خۆی دەنوێنێ؛ ‏ئەویش پۆشینی جلوبەرگی پیاوانە و لە ڕاستیدا پێشمەرگانەیە لەو بۆنانەدا لەلایەن ژنانەوە. شێوەیەکی دیکەی ئەم ‏دیاردەیە هەروەها بەشداریی بەرچاوی ژنان لە گروپە وەرزشییەکان بە تایبەت لە کەژەوانیدا بەدی دەکرێ وەک ‏وەرزشێک کە لەگەڵ ڕۆحی نەتەوەیی کورد تەبایە و هاوکات پێویستی بە توانایی و بەردەوامیی زۆر هەیە. ئەمانە لە ‏ڕاستیدا هەوڵدانی ژنانی تێکۆشەرە بۆ هەرچی زیاتر خۆسەلماندن و سەقامگیرکردنی جێگە و پێگەی خۆیان لە ‏کۆمەڵگە و لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستاندا. ‏

کۆمەڵگەی کوردستان هەتا ئێستاش کۆمەڵگەیەکی نەریتییە. هێشتا باوەڕ بە ماف و ئازادییەکانی ژن لە ‏کۆمەڵگەدا جێگیر نەبووە. نەک هەر لای خەڵکی ئاسایی، تەنانەت لای زۆرێک لە شۆڕشگێڕانیش ئەو باوەڕە بە تەواوی ‏نەگووراوە. لە خەبات و تێکۆشاندا هێشتا زۆر پیاوی کورد ژن بە هاوشانی خۆی نازانێ. تەنانەت بەشێک لە ژنانیش ‏نەکەوتوونەتە سەر ئەو ڕاستییە کە لە هەوڵ و تێکۆشاندا هیچیان لە پیاو کەمتر نییە. سەرەڕای کۆمەڵگەی نەریتی، ‏ئەوان لەگەڵ ڕێژیمێکی دژە ژن بەناوی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕوون کە هیندەی دیکە ژیان و ئازادی لە ژن ‏ئەستاندووە و بووە بە پاڵپشتی ئەو بەشە لە کۆمەڵگە کە دژە ژنە. لە وەها دۆخێکدایە کە وەچەی تازەتری ژنانی کورد ‏شێلگیرانە لە مەیدانی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی‌دان و لەو ئەرکەدا هەوڵ دەدەن لە هیچ بوارێکدا لە پیاوان بەدوا ‏نەکەون. نەک هەر بەدوا نەکەون بەڵکوو هەوڵ دەدەن نیشان بدەن و زۆر جار نیشانیان داوە کە دەتوانن پێشەنگ و ‏ڕێبەرێکی زۆر باشی خەباتەکە بن. ‏