کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان چالاکییەکانی ناوەندی ئیسلامیی هامبۆرگی قەدەغە کرد

20:03 - 3 گەلاوێژ 2724

میدیاکانی ئاڵمان ڕایانگەیاند کە هێزەکانی پۆلیس سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، هەڵیانکوتاوەتە سەر ناوەندی ئیسلامیی هامبۆرگ و سەرجەم ناوەندە ئیسلامییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە ئەمڕۆوە چالاکییەکانیان قەدەغە کراوە.

هەروەها وەزیری ئاڵمان، نانسی فیزەر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو بەڵگانەی کە لە لێکۆڵینەوەکەدا کۆ کراونەتەوە، گومانە جددییەکانی بە ڕادەیەک پشتڕاست کردوونەتەوە کە ئەمڕۆ ئێمە توانیمان دەستبەجێ بڕیاری قەدەغەکردنی ئەو ناوەندانە دەرکەین.

ناوبراو زیادی کرد کە ناوەندی ئیسلامیی هامبۆرگ ئایدۆلۆژیای ئیسلامیی توندڕەو و تۆتالیتار لە ئاڵمان بەرەوپێش دەبات و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش پشتگیری لە تێرۆریستانی حیزبوڵڵا دەکەن.

ئەو وەزارەتخانەیە ڕایگەیاندووە کە ئەو ئەنجومەنەی کە ناوەندی ئیسلامیی شاری هامبۆرگ بەڕێوە دەبات بە "مزگەوتی شین" ناسراوە، بنەمای یاسای بنەڕەتی کۆماری فیدراڵی پێشێل دەکات و بە کردەوە خەریکی هاندان دژی جوولەکەکان و دژی ئیسرائیلە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی وەزارەتی ئاڵمان، نوێنەرانی مزگەوتەکە لە ماوەی ڕابردوودا کردەوە توندوتیژەکانی گرووپە تێرۆریستییەکانی وەکوو حەماسیان بەرز نرخاندووە و پاڵپشتیان لە گرووپە تێرۆریستییە قەدەغەکراوەکانی وەک حیزبوڵڵایانیش کردووە.

چەندین مانگە کە ئەو ناوەندە لەژێر چاوەدێریی حکوومەتی فێدراڵیدایە. لانیکەم دە مانگ بەسەر سەردانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی فێدراڵی ئاڵمان بۆ سەر "سەنتەری ئیسلامیی هامبۆرگ" و دەیان نووسینگەی دیکەی سەر بەم ناوەندە لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردووە دەگوزەرێ و لەو ماوەیەدا دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە و گەڕان بەدوای بەڵگەگەلی پێویست تا چالاکییەکانی ئەم ناوەندە ڕابگرن و قەدەغە بکەن، و لە ئێستاشدا دوای ئەم ماوەیە، نانسی فیزەر، وەزیری حکوومەتی فێدراڵی ئاڵمان، فەرمانی داخستن و کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانی ئەم ناوەندە ئیسلامییەی واژۆ کرد.

هەروەها نووسینگەی پاراستنی یاسای بنەڕەتیی ئاڵمان پێشتریش ڕایگەیاندبوو بەڵگە هەیە کە ئەم ناوەندە ئیسلامییە ناوەندێکی پڕوپاگەندەی گرینگیی ئێران لە ئورووپا و هەروەها باسکی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی لێرەیە.

 

لە لایەکی دیکەوە ئیالەتی ئاڵمان بۆ پاراستنی یاسای بنەڕەتی لە ئاڵمان لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاند، کە "ناوەندی ڕۆشنبیریی ئیسلامیی فرانکفۆرت" و "مزگەوتی شینی هامبۆرگ"یش لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و ئیخوانولموسلێمینی میسر لە پێوەندیدان و هەوڵی بڵاوکردنەوەی ئایدیۆلۆژیای ڕادیکاڵ دەدەن.