کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکگرتوویی نەتەوەیی بۆ دێموکراسی لە ئێران: کەمتەرخەمییەکانی بایدێن سەبارەت بە یاسای مەهسا، بێڕێزیکردنە بە مافی مرۆڤ و دێموکراسی

20:06 - 3 گەلاوێژ 2724

یەکگرتوویی نەتەوەیی بۆ دێموکراسی لە ئێران ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتی بایدێن ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە یاسای مەهسا ڕادەستی کۆنگرە نەکردووە.

ئەم یەکگرتووییە بە ئاماژەدان بەوەی کە ٩٠ ڕۆژ لە پەسەندکردنی ئەم یاسا لەلایەن مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکاوە تێپەر دەبێت ڕایگەیاندووە کە  تاکوو ئێستا دەوڵەتی بایدێن پێبەندییەکانی ئەنجام نەداوە و ڕاپۆرتەکەی ڕادەستی کۆنگرە نەکردووە.

یاسای مەهسا دەوڵەتی بایدێنی ئەرکدار کردبوو کە لە ماوەی ٩٠ ڕۆژدا سەبارەت بە داواکارییەکانی یاساکە ڕاپۆرتی خۆی ڕادەستی کۆنگرە بکات و هەموو ساڵێکیش سەبارەت بە نوێکردنەوەی یان نەکردنەوەی گەمارۆکانی سەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕاوبۆچوونەکانی بداتەوە بە نوێنەرانی کۆنگرە.

یەکگرتوویی نەتەوەیی بۆ دێموکراسی لە ئێران جەختی کردووەتەوە کە جێبەجێکردنی یاسای مەهسا لە کاتی خۆیدا بۆ وڵامدەرکردنی پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە ئێران پێویستە و هەروەها کەمکارییەکانی جۆ بایدێنی سەبارەت بە ڕادەستنەکردنی ڕاپۆرتەکە وەک بێڕێزی بە مافی مرۆڤ و دێموکراسی لە قەڵەم دا.

ئەم یەکگرتووییە داوای لە دەوڵەتی بایدێن کردووە کە بە زووترین کات بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکات و پێبەندییەکانی خۆی سەبارەت بە پشتیوانیکردن لە مافی مرۆڤ کە لە یاسای مەهسادا پەسەند کراوە، جێبەجی بکات.