کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سكاڵای سێ ڕێکخراوی مافی مرۆیی سەبارەت بە درێژەی دەسبەسەریی تووماج ساڵحی

11:02 - 4 گەلاوێژ 2724

سێ ڕێکخراوی مافی مرۆیی بە نوێنەرایەتیی بنەماڵەی تووماج ساڵحی هونەرمەندی ڕەپێر بەهۆی بەردەوامیی دەسبەسەرکردن و ئەشکەنجەدان سکاڵایان ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە و داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێمەرجی ئەم هونەرمەندەیان کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ٣ی گەلاوێژ، ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان "داوتی ستریت چێمبرز"، "ئیندێکسی سانسۆر" و "بونیادی مافی مرۆڤ" جەختیان لەوە کردەوە کە هۆکاری دەسبەسەرکردنی تووماج ساڵحی هونەر و ناڕەزایەتیدەربڕینەکەی بەرامبەر بە دەسەڵاتی ئێرانە و بە مەبەستی نیشاندانی پابەندنەبوونی ئێران بە یاسا نێونەتەوەییەکان سکاڵایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

ئەو ڕێکخراوەکانە، هەڵسوکەوتی ڕێژیم لەگەڵ ساڵحییان بە نمونەی ئازار و ئەزیەتی قەزایی وەسف کرد و ڕایانگەیاند کە تۆمەتەکانی ناوبراو پەیوەندییان بە گۆرانییەکانی ساڵحی و داواکارییەکانی بۆ ئازادی بۆ خەڵکی ئێران هەیە.

ئەم سێ ڕێکخراوەی مافی مرۆییە ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەموو ڕۆژ زیندانیکردن، نادادپەروەرییەکی گەورەیە بەرامبەر بە ساڵحی و هەروەها نووسیویانە دوای زیندان پێویستی بە چاودێریی پزیشکی هەیە و بۆ ئەوەی بتوانێت سوود لە هونەرەکەی وەربگرێت دەبێ ئازاد بکرێت.

هەروەها ڕۆژی شەممە ٣٠ی پووشپەڕ، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە نامەیەکدا بە ئاماژە بە پێشێلکردنی حوکمی لەسێدارەدانی تووماج ساڵحی لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمی ئێرانەوە، خوازیاری ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرج و هەڵوەشاندنەوەی ئەو تۆمەتانەی کە خراوەتە پاڵ ئەم ڕەپێرە ناڕازییە، کرد.

تووماج ساڵحی هونەرمەندی ناڕازی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی ناڕازی هاتە سەر شەقام و بەشێوەی جیددی چالاکیی هەبوو کە دواتر لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و ئەشکەنجە کرا.